لە ئەفغانستاندا توندوتیژیی سیستەماتیک و شەپۆلێکی نوێی کوشتنی ژنان
لە ئەفغانستاندا لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان، توندوتیژی و ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست. ئەم ڕاپۆرتەی ڕووداوە نوێیەکان دەخاتەڕوو، نیشان دەدات کە ژنان لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشن و ڕووبەڕووی مەترسیی کوشتن، خۆکوژی و فشارە سیستەماتیکەکانن.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- ژنان لە ئەفغانستان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و قەدەغە بوونەتەوە؛ لە توندوتیژیی ناوخێزان و کوشتنەوە بگرە، هەتا بێبەشکردنیان لە خوێندن، کارکردن و ژیانی کۆمەڵایەتی. دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، زۆرێک لە میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان کە ئامانجیان پاراستنی ژنانە، لاواز بوون یان لەناو چوون. قەدەغەکان و ترس لە سزا، کاریگەرییان لەسەر ئازادی و ئاسایشی ژنان داناوە.
بەهۆی ترس، فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی دامەزراوەکانی پشتگیری و سەختیی دەستگەیشتن بە دادپەروەری، توندوتیژی و ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان هەموو کاتێک بە تەواوی ڕاناگەیەنرێن. بۆیە نەبوونی ئاماری تەواو، هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی ئاستی توندوتیژی دژی ژنان سەخت کردووە.
لە بوارە دەروونییەکەشدا، بارودۆخی ژنان نیگەرانییەکی جددییە. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٧٥٪ی ئەو ژنانەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، تەندروستیی دەروونییان خراپ یان زۆر خراپ هەڵسەنگێنراوە. لەو ڕاپۆرتانەدا هەروەها باس لە پەیوەندیی نێوان توندوتیژیی ناوخێزان، هەژاری، دابڕانی کۆمەڵایەتی و ڕووداوەکانی خۆکوژیی ژنان کراوە.
بەڵام بەهۆی نەبوونی داتای باوەڕپێکراو و تۆمارنەکردنی هەندێک لە دۆسیەکان، ژمارەیەکی ڕاستەقینە لەسەر کۆی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوژیی ژنان لە ئەفغانستاندا بەردەست نییە. ئەو ئامار و دۆسیانەی لەم ڕاپۆرتەدا باس کراون، لەسەر بنەمای هەواڵە بڵاوکراوەکانی میدیا و تا ڕادەیەک لە سەرچاوە ناوخۆییەکان کۆکراونەتەوە.
داتا و ڕووداوە تۆمارکراوەکان:
- ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦: لە مەزار-ی شەریف، پایتەختی پارێزگای بەلخ، دوو ژنی گەنج لە شەودا لەلایەن هاوژینی پێشووی یەکێکیانەوە کوژران.
- ١٩ی تممووزی ٢٠٢٦: ٣٦ مەدەنی، لەوانە ژن و منداڵ، لە هێرشەکانی هێزی پێکدادانی پاکستان بۆ سەر پارێزگاکانی کونەر، پەکتیە و پەکتیکا کوژران.
- ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦: ئیمامی مزگەوتێک لە خواجە ناموسا، پارێزگای فاریاب، هاوسەری سێیەمی خۆی بە ئەشکەنجە کوشت.
- ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦: ژنێکی ٢٥ ساڵە بە خواردنەوەی ژەهر لە زیندانێکی تاڵیبان لە پارێزگای هەرات خۆی کوشت.
- ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦: منداڵێکی کچی هەشت ساڵە دوای ئەوەی لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە زەرانج، پارێزگای بادغیس، دەستدرێژیی سێکسیی کرایە سەر، کۆچی دوایی کرد.
- ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٦: هەلیمەی ٢١ ساڵە لەلایەن باوکییەوە لە ناوچەکانی سانگ تەخت و بەندەر لە پارێزگای دایکوندی، بەهۆی ئەوەی منداڵێکی کوڕی نەبوو، کوژرا.
- ٧ی ئابى ٢٠٢٦: ژنێکی تازەهاوسەرگیری کردوو لە ناوچەی ئەندەر لە پارێزگای غەزنی، لە ماڵی هاوسەرەکەی بەهۆی توندوتیژیی ناوخێزان و لێدان کوژرا. براکەشی لە هەمان ڕووداودا گیانی لەدەستدا.
- ٧ی ئابی ٢٠٢٦: منداڵێکی کچ لە ماڵەکەی لە هەرات کوژرا.
- ١١ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێکی ناوەڕاستتەمەن لە ناوچەی بەرمەل لە پارێزگای پەکتیکا بە مردوویی دۆزرایەوە و نیشانەی لێدانی بە بەرد لەسەر جەستەکەی هەبوو.
- ١٢ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێک و هاوژینەکەی لە ماڵەکەیان لە شاری قەندەهار کوژران.
- ٢١ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێک کە دوو مانگ پێشتر لەلایەن ئەندامێکی تاڵیبانەوە ڕفێنرابوو و بە زۆر ناچار کرابوو هاوسەرگیری ئەنجام بدات، لە ناوچەی گۆسفەندی پارێزگای سەرە پل بەهەمان کەس لەژێر لێداندا گیانی لەدەستدا.
- ٢٢ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێکی سوننیی ١٨ ساڵە لە هەرات دوای ئەوەی سەرکردەکانی تاڵیبان ناچاریان کردبوو هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ پیاوێکی شیعە بەردەوام بکات، خۆی کوشت.
- ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێکی دووگیان لە ناوچەی ئیسماعیلخێل لە پارێزگای خۆست، بەهۆی توندوتیژیی ناوخێزان، بە خۆکوژی تۆمەتبار کرا.
- ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێکی ٢٥ ساڵە لەلایەن هاوسەرە پێشوویەکەیەوە لە ناوچەی میرامور لە پارێزگای دایکوندی، دوای کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیرییەکەی، کوژرا.
- ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێک بەهۆی لێدانەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە تا ئاستی مردن بردرا.
- ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦: ژنێکی بەتەمان لە ناوچەی سانگین لە پارێزگای هەلمەند، دوای دەرکردنی لە کارەکەی، بە خواردنەوەی ژەهر خۆی کوشت.
- ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦: تەرمەکەی مەریەمی شەش ساڵە لە ناوچەی ١٢ی هەرات دۆزرایەوە.
- ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: تەرمەکەی فاتیەمەی پێنج ساڵە لە کابول دۆزرایەوە، لە کاتێکدا هەموو ئەندامەکانی جەستەی دەرکرابوون.
- ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: ژنێکی ١٧ ساڵە لە ناوچەی نورگرام لە پارێزگای نوریستان، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پیاوێک، لەلایەن ئەندامێکی خێزانەوە بە تەقە کوژرا.
- ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: مناڵێکی ١٥ ساڵە لە ناوچەی قەڵعەی ناو لە پارێزگای بادغیس، بەهۆی توندوتیژیی ناوخێزان خۆی هەڵواسی.
- ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: تەرمەکەی ژنێکی ٢٠ ساڵە لە ناوچەی ئەبچەکان لە پارێزگای لوگر دۆزرایەوە.
- ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: تەرمەکەی ژنێکی گەنج کە سەری بڕابوو و نیشانەکانی ئەشکەنجە لەسەر جەستەکەی هەبوو، لە پارێزگای فاریاب دۆزرایەوە.
- ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦: چوار ئەندامی خێزانێک، سێ ژن و منداڵێک، لە ماڵەکەیان لە ناوچەی تەگاب لە پارێزگای کاپیسا کوژران.