لە ڕۆژئاوای کوردستان کەمپەینی ٢٥ی تشرینی دووەم لە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەستپێدەکات
پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆئاوا، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، دەستپێکردنی کەمپەینێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕاگەیاند.
قامیشلۆ
٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنانە. ئەم ڕۆژە یادەوەری خەباتی ژنان و بانگێکە بۆ ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و پاراستنی مافەکانیان.
لەو چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆئاوا، بە ڕاگەیەندراوێک لە وەرزشی ١٢ی ئاداری شاری قامیشلۆ لە ڕۆئاوای کوردستان، دەستپێکردنی کەمپەینی ڕۆژی جیهانی خەبات دژی توندوتیژی ڕاگەیاند.
ڕاگەیەندراوەکە لە لایەن کۆنگرای ستارەوە، بە زمانی کوردی لەلایەن ژیان حەسەن، بە زمانی عەرەبی لەلایەن مونا یوسف و بە زمانی سریانی لەلایەن هالا میرزاوە خوێندرایەوە.
دەقی هاوبەشی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا، جیهان بەرپرسیارییە مرۆیی، ئەخلاقی و یاساییەکانی خۆی بەرامبەر بابەتی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دووبارە بیر دەخاتەوە و بەڵێنی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان ، پاراستنی کەرامەت و ئازادییەکانیان و کارکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی، بێ جیاکاری و بێ پشتگوێخستن، نوێ دەکاتەوە.
ئەم ڕۆژە لە ژێر سێبەری بەردەوامبوونی جۆرەها توندوتیژیدا دێت، کە ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ جا لە کاتی ئاشتی بێت یان لە کاتی شەڕ، لە ناو خێزاندا بێت یان لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکاندا. ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو کێشەیەکی مافی، سیاسی و مرۆییە کە بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی و دیموکراسی دەکاتە ئامانج.
جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان
توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها بە هێرشی جەستەیی، دەروونی، زارەکی یان سێکسی سنووردار نابێت، بەڵکو شێوەی فراوانتر و قووڵتریشی هەیە؛ لەوانە توندوتیژی ئابووری، بێبەشکردن لە خوێندن و کار، کۆنترۆڵکردنی ئازادی و هەڵبژاردنەکانی ژن، تەنگکردنەوە بە بەشداریی ژن لە ژیانی گشتیدا، دوورخستنەوەی لە شوێنەکانی بەرپرسیارێتی و بڕیاردان، هەروەها توندوتیژیی سیاسی و دامەزراوەیی کە بوون، ویست و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا دەکاتە ئامانج.
هەروەها جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەردەوامیی هۆشیاریی پیاوساالاری و بەکارهێنانی نەریت و دابونەریتەکان بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ژنان، هەموو ئەو هۆکارانەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوە و قووڵبوونەوەی توندوتیژی.
خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها بە دروشم و چالاکیی کاتی بەدی نایەت
لەوەوە دەست پێ دەکەین کە خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها بە دروشم و چالاکیی کاتی بەدیهێنرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتە یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکاندا هەیە؛ ئەو پێکهاتانەی کە ڕێگە بە بەردەوامیی توندوتیژی و جیاکاری دەدەن.
هەروەها ئەمە پێویستی بە ویستێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ دانپێدانان بە ژن وەک مرۆڤێکی تەواو و خاوەنی مافە یەکسانەکان و وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە دروستکردنی کۆمەڵگە و دیاریکردنی داهاتووی ئەودا.
لەو بۆنەیەدا، ئاماژە بە دۆخی ژنانی سووریا دەکەین؛ ئەو ژنانەی بەهۆی ساڵانی درێژی شەڕ، ملمـلانێ و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، نرخێکی زۆر گەورەیان داوە و لە ئەنجامی ئەو بارودۆخانەدا ئاوارەبوون، دەربەدەری، لەدەستدانی ئاسایش و ئارامی و ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاری دژ بە ژنان و کچان ڕوویان داوە.
ژنانی سووریا لە ساڵانی قەیراندا بارێکی قورستریان هەڵگرت
ژنانی سووریا لە ساڵانی قەیراندا بارێکی قورستریان هەڵگرت. ئەوان لە هەمان کاتدا بوونەتە قوربانیی توندوتیژی، ئاوارەیی، هەژاری و لەدەستدان، لە هەمان کاتیشدا لە بوارەکانی کاری مرۆیی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئامادە بوون.
ژنان لە پاراستنی کۆمەڵگەکان، بەڕێوەبردنی کاروباری ژیان، پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزەکاندا بەشدار بوون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان هێشتا لە گەیشتن بە دادپەروەری، پاراستنی یاسایی، دەرفەتە ئابوورییەکان، خوێندن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە، جگە لە بەردەوامیی هەندێک شێوەی جیاکاری، پشتگوێخستن و دوورخستنەوە.
بوونی ژنان لە زۆرێک لە پرۆسە سیاسییەکاندا هێشتا سنووردارە
ئێمە دەبینین یەکێک لە گرنگترین شێوەکانی توندوتیژی کە ژنی سووری ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دوورخستنەوەی بەردەوامی ئەوە لەو بوارانەیە کە بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە داهاتووی وڵات لەوێدا دەدرێن؛ هەروەها کەمیی بوونی ژنان لە دامەزراوە سیاسی، یاسادانان و کارگێڕییەکاندا و دواخستنی بەشداریی ئەوان لە پرۆسەکانی گفتوگۆ و ئامادەکردنی سیاسەتە گشتییەکاندا.
لەبری ئەوەی ژن ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی سووریای نوێدا، دەبینین کە بوونی ژن لە زۆرێک لە پرۆسە سیاسییەکاندا هێشتا سنووردارە و نوێنەرایەتیی ئەو لە هەندێک دامەزراوەدا ناگاتە ئاستی ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت، ئەو قوربانیدانانەی داویەتی و ئەو شوێنەی لە کۆمەڵگەدا هەیەتی.
پێویستە بابەتی ژنانی سووریا ببێتە بەشێکی گرنگ لە هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی
لەژێرپەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان لە شوێنەکانی بڕیاردان، تەنها پێشێلکردنی بنەمای یەکسانی نییە، بەڵکو بەربەستێکیشە لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەتێکی فرەڕەنگ و دیموکراتی کە لەسەر بنەمای بەشداری، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بنیات بنرێت.
دیموکراسییەک کە ژنان لە بڕیاردان دوور بخاتەوە، یان تەنها نوێنەرایەتییەکی هێمایی پێشکەشیان بکات، ناتوانرێت بە دیموکراسییەکی تەواو دابنرێت. هەروەها هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە ژنان وەک هاوبەشی یەکسان نەناسێت، ناتوانێت دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەدەست بهێنێت.
بۆیە، جەخت دەکەینەوە کە بابەتی ژنانی سووریا دەبێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ، نەک بابەتێکی لاوەکی یان دۆسیەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە قۆناغەکانی دواتردا دوا بخرێت یان چارەسەر بکرێت.
ئەم پرۆسەیە دەکرێت ببێتە هۆی دواڕۆیشتنی دەستکەوتەکانی ژنان
سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنی دامەزراوەکانی ڕۆئاوا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، ئێمە ئەم پرۆسەیە وەک ڕێگایەک چاودێری دەکەین کە پەیوەندی بە داهاتووی دامەزراوەکان، کۆمەڵگەکان و مافەکانی هاووڵاتییانی ژن و پیاوەوە هەیە.
جەخت دەکەینەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری، یەکسانی و هاوبەشیی ڕاستەقینە بنیات بنرێت و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژنان، لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتدا مسۆگەر بکات.
ئاگاداری دەدەین کە پرۆسەی یەکخستن نابێت بگۆڕدرێت بۆ ڕێگایەکی کارگێڕی یان دامەزراوەیی کە تەنها لە دابەشکردنەوەی پۆست و دەسەڵاتدا کورت بکرێتەوە، بەبێ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی ماف، یەکسانی و نوێنەرایەتیی دیموکراتی چارەسەر بکات.
ئەم دەستکەوتانە دیاریی کەسێک یان مافی تایبەتیی کاتی نەبوون
هەروەها ئاگاداری دەدەین کە ئەم پرۆسەیە، لە حاڵەتی نەبوونی گەرەنتییە یاسایی و سیاسییە ڕوونەکاندا، دەکرێت ببێتە هۆی دواڕۆیشتنی دەستکەوتەکانی ژنان، لاوازبوونی بوونیان لە دامەزراوەکاندا و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو شێوازانەی پشتگوێخستن و دەرخستن کە ژنان لە قۆناغەکانی پێشوودا ئەزموونیان کردووە.
ژنان لە ڕۆژئاوا، بەهۆی خەبات و بەشداریی چالاکی خۆیانەوە، لە بوارەکانی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن، کاری کۆمەڵایەتی، بەشداری لە دامەزراوەکان، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، نوێنەرایەتیی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و جیاکاریدا، دەستکەوتی گرنگیان بەدەست هێناوە.
ئەم دەستکەوتانە دیاریی کەسێک یان مافێکی تایبەتیی کاتی نەبوون، بەڵکو ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و قوربانیدانێکی گەورە بوون و ئیرادەی ژنانیان نیشان داوە بۆ ئەوەی خاوەنی بڕیار بن و لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگەدا بەشدار بن.
دوورخستنەوەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان جۆرێکە لە توندوتیژیی سیاسی
بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم دەستکەوتانە لە چوارچێوەی هەر پرۆسەیەکی یەکخستن یان لە نوێوە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی سووریادا، پێویستییەکی مافی و دیموکراتییە، نەک داواکارییەکی گرووپی یان تایبەتیی ژنان.
هەروەها مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە دامەزراوە نوێیەکاندا نابێت تەنها بە دیاریکردنی ژمارەیەک ژن لە هەندێک پۆستی دیاریکراودا سنووردار بێت، بەڵکو دەبێت بوونێکی ڕاستەقینە و کاریگەر لە هەموو ئاستەکانی بڕیاردانی سیاسی، کارگێڕی، یاسایی، ئەمنی و ئابووریدا هەبێت.
جەخت دەکەینەوە کە دوورخستنەوەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان، یان لەژێرپەراوێزخستنی ڕۆڵیان لەو لیژنە و دامەزراوانەی کە بە پرۆسەی یەکخستنەوە سەرقاڵن، جۆرێکە لە توندوتیژیی سیاسی و دامەزراوەیی و بنەماکانی بەشداری و یەکسانی تێک دەدات؛ ئەو بنەمایانەی کە دەبێت سووریای داهاتوو لەسەریان بنیات بنرێت.
لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە هەر پرۆسەیەکی یەکخستن کە نوێنەرایەتیی یەکسانی ژنان مسۆگەر نەکات، میکانیزمی یاسایی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی ژنان دابین نەکات و ڕۆڵی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گفتوگۆ و بڕیارداندا نەناسێت، پرۆسەیەکە کە یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی دادپەروەری و ڕەوایی کۆمەڵایەتیی تێدا نییە.
ئێمە باوەڕمان وایە ئاشتیی ڕاستەقینە تەنها بە ڕاگرتنی شەڕ یان لە نوێوە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان بەدی نایەت، بەڵکو ئەو کاتە بەدی دێت کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە، ژن و پیاو، هەست بکەن لە ماف، کەرامەت و دەرفەتەکاندا یەکسانن و ژنانیش لە دروستکردنی ئاشتی، نووسینەوەی دەستوور، بنیاتنانی دامەزراوەکان و دیاریکردنی ئەو سیاسەتانەدا ئامادە بن کە داهاتووی وڵات شێوە دەدەن.
لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە لە پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆئاوا، جەخت دەکەینەوە کە خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان پەیوەندییەکی بەهێزی بە خەبات دژی هەموو شێوەکانی جیاکاری و دەرخستنەوە هەیە. هەروەها ئەم خەباتە بە پاراستنی مافی ژنان بۆ بەشداریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی، کەرامەت و ئازادییان لە بڕیارداندا پەیوەستە.
داواکارییەکانی پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەش
لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتیی مافی و نەتەوەیی خۆمان، ئەم داواکارییانە دەخەینەڕوو:
١. مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی ژنی سووری: دەبێت یەکسانیی تەواو لە نێوان ژن و پیاودا مسۆگەر بکرێت، جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ڕەت بکرێتەوە و ئەم مافانە لە دەستوور و یاسا نیشتمانییەکاندا مسۆگەر بکرێن.
٢. مسۆگەرکردنی بەشداریی یەکسانی ژنان لە شوێنەکانی بڕیاردان: پەسەندکردنی میکانیزمە ڕوونەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە دامەزراوە یاسایی، سەرکردایەتی، کارگێڕی و دادوەرییەکاندا و لە هەموو ئاستەکانی سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتیدا، بە دوور لە نوێنەرایەتیی شێوەیی یان هێمایی.
٣. خەبات دژی توندوتیژیی سیاسی و دامەزراوەیی بەرامبەر ژنان: کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی دەرخستن و پشتگوێخستن، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وتار و بانگەشانەی کە ڕۆڵی ژنان کەم دەبینن یان هەوڵ دەدەن بیانگەڕێننەوە بۆ ڕۆڵە نەریتییەکان، هەروەها مسۆگەرکردنی ئازادیی ژنان لە ڕێکخستن، دەربڕین و بەشداریی سیاسیدا.
٤. دەرکردنی یاسای کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی: پەرەپێدانی یاسا و میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوە، کە لەبەرامبەر توندوتیژیی خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سێکسیدا بوەستنەوە و گەیشتنی ژنان بە دادپەروەری و پاراستن بەبێ جیاکاری مسۆگەر بکەن.
٥. بەهێزکردنی ڕۆڵی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان: ناسینی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئامادەکردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی ژنان و بەشداریکردنیان لە گفتوگۆی نەتەوەیی، پرۆسەکانی بنیاتنانی ئاشتی و دادپەروەریی گواستنەوەییدا.
٦. مسۆگەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریی گواستنەوەیی بە دوور لە ڕەگەزپەرستی: داننان بەو پێشێلکارییانەی کە ژنان لە ساڵانی شەڕدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە، مسۆگەرکردنی بەشدارییان لە میکانیزمەکانی ئاشکراکردنی ڕاستی، لێپرسینەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکاندا، هەروەها نابێت ئەزموون و چیرۆکی ژنان لە هیچ پرۆسەیەکی دادپەروەریی گواستنەوەییدا لەبیر بکرێت.
٧. پەرەپێدانی میکانیزمەکانی چاودێری و بەرپرسیارێتی: دروستکردنی میکانیزمی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی ژنان، چاودێریکردنی ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و سیاسییەکان و مسۆگەرکردنی لێپرسینەوە لە هەر دواڕۆیشتنێک لە ماف و دەستکەوتەکانی ژناندا.
ئێمە لە پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان، لە ڕۆژی جیهانی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژناندا، بەڵێنی خۆمان بۆ بەردەوامبوونی خەبات بۆ ئازادی، کەرامەت و مافەکانی ژنان و خەبات دژی هەموو شێوەکانی توندوتیژی، جیاکاری و دەرخستنەوەی ژنان لە خێزان، کۆمەڵگە و دامەزراوەکاندا نوێ دەکەینەوە.
جەخت دەکەینەوە کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها بە هێرشکردنە سەر جەستەی ئەوان دەست پێ ناکات، بەڵکو لەو کاتەشدا دەست پێ دەکات کە دەنگیان دەسەندری، ویستیان پشتگوێ دەخرێت، لە مافی بەشداری بێبەش دەکرێن، لە شوێنەکانی بەرپرسیارێتی دوور دەخرێنەوە و بڕیار لەسەر داهاتوویان دەدرێت، بەبێ ئەوەی خۆیان لەو بڕیارانەدا هاوبەش بن.
هەر پرۆسەیەک بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ دەبێت لەسەر بنەمای ناسینی مافەکانی ژنان، بەشداریی یەکسانیان، پاراستن و پەرەپێدانی دەستکەوتەکانیان بنیات بنرێت، نەک لەسەر کەمکردنەوە یان سنووردارکردنیان.
بۆیە، دەستپێکردنی کەمپەینێک دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە دروشمی ئەمە ڕادەگەیەنین:
بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، یەک بگرن؛ ژن، ژیان، ئازادی.
ڕایدەگەیەنین کە کەمپەینەکە لە ٨ی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا ٢٥ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
لە پلانی کەمپەینەکەدا، چەندین چالاکی و بەرنامە، وەک سیمینار، پانێڵ، فۆڕم، پێشانگا و ڕێپێوان بەڕێوە دەچن.
نەخێر بۆ توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی، پێکەوە هەنگاو بنێین.
پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا.