لە ڕووداوێکی گوماناوییدا ژنێک بە سووتان گیانی لەدەستدا
شەوی ڕابردوو ژنێک لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ڕووداوێکی گوماناوییدا بە سووتان گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانە و بکوژانی ژن بۆ دەربازبوون لە سزاو یاسا، هانی ژنان دەدەن خۆیان بکوژن، یاخود دەیانکوژن و تاوانەکە دەخەنە سەر ژنان خۆیان.
بەپێێ سەرچاوەکان، ئەو ژنەی کە گیانی لە دەستداوە ناوی ئەوین ساڵحە و ماوەی ساڵێکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی هەبووە و ڕووداوەکە گوماناوییە.
هەروەها شۆڕش حاجی وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕاگەیاند، کە ئەوین ساڵح کێشەی خێزانیی هەبووە و ماوەیەک ماڵی خۆی جێهێشتووە و لای خێزانەکەی ماوەتەوە، بەڵام دواتر نێردراوەتەوە ماڵی خۆی و هەر یەکەم ڕۆژ کە هاوسەکەی لەسەر کار بووە، بەشێوەیەکی تەمومژاوی خۆی سوتاندووە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە و بە پێی بڕیاری دادوەر، بە مادەی ٧ی خێزانی هاوسەرەکەی ڕاگیراوە.
بە پێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسەکەمان، لە سەرەتای مانگی ئاب تا ٨ی ئەیلوولی ئەمساڵ، زیاتر لە ١٣ ژن بە بیانووی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراون.