لە تایوان بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویداو مەترسی تسۆنامی هەیە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلەی ڕێختەر تایوانی هەژاندو چوار کەس گیانیان لەدەستداو دەیانیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
میدیاکانى تایوان بڵاوییان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣ی نیسان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٤ پلەى ڕێختەر باشووری شاری هوالینی وڵاتەکەى هەژاندووە.
باس لەوەشکراوە، بەهۆى بەهێزى بومەلەرزەکەوە لە هەردوو وڵاتی تایوان و ژاپۆن هۆشداریی لە ڕوودانی تسۆنامی دەدرێت.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها بەهۆى کاریگەرى بومەلەرزەکەوە دەیان باڵەخانە ڕووخاون.
جێگای ئاماژەیە، ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە، کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە تایوان ڕوویدابێت.