لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵمەتی ملیۆنی دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندرا

پاش پلانەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک و چڕبوونەوەی هێرشەکان لەسەر باشوری کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی ئەو داگیرکارییە و بە ئامانجی وەستانی هێرشەکان، هەڵمەتی ملیۆنی ڕاگەیەندرا.

ناوەندی هەواڵ

بە هەزاران کەسایەتی و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنوس و پارێزەرو هاوڵاتی مەدەنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاشتاگێکیان بە ناونیشانی " #هەڵمەتی_ملیۆنیی_نەخێر_بۆ_شەڕخوازیی_تورکیا" ڕاگەیاندووە، داوا دەکەن هەرچی زووە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان ڕابگیرێت.

 

لە بڵاوکرنەوەی هەڵمەتەکەدا هاتووە، " شەڕخوازیی دەولەتی تورکیا و خائینە بەکرێگیراوەکان شەرمەزار دەکەین و پێویستە هەموو کوردێکی خاوەن کەرامەت شەرمەزارییان بکەن و بێدەنگ نەمێنن بەرامبەریان، شەرمەزاریش بۆ ناتۆ کە لە ڕێگەی تورکیاوە چەندان سالە خاکی کوردستانیان کردۆتە تاقیگای چەکەکانیان".

 

وشەیەک بەسە بۆ نەهێشتنی بێدەنگی

هاوڵاتیان دەڵێن: "ئەگەر بە وتنی یەک وشەش بێت، پێویستە ناڕەزایەتی و نەخێرێک بدرێت بەڕووی شەڕخوازی تورکیا و هاوکارەکانی، مەڵێ وشەیەک و هەڵوێستێکی بچوک هیچ نیە، چونکە پێچەوانەکەی کە بێدەنگیە کارەسات و هاندەر و شەرعیەتدەرە بە شەڕ و کاولکاری، بەڵام گەورەترین کارو چالاکیش کە بکرێت لە نەخێر و وشەیەکەوە دەستپێدەکات، بەهیوای نەخێری ملیۆنی لەکوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕووی شەڕخوازی و داگیرکاری تورکیا".