لە سیاسەتەوە بۆ کۆمەڵگە: ڕێگایەکی نوێ بۆ گۆڤاری "آفاق المرأة"
گۆڤاری "آفاق المرأة" بە زمانی عەرەبی، ژنانی چەند وڵاتێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، لەوانە مەغریب، تونس، لوبنان، میسر و یەمەن و ئامادەکاری دەکات بۆ گەیشتن بە خوێنەرانی لە ڕۆژائاوای کوردستان، سووریا و سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- "آفاق المرأة" گۆڕاوە بۆ گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، دوای سێ ساڵ لە کارکردن، خۆی ئامادە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەی ١٨هەمی خۆی بە دیمەنێکی نوێ و گۆڕانکاری سەرنوسەری، بە ناوی "الاندماج الديمقراطي" "یەکگرتنی دیموکراتیک"، ژمارە نوێیەکە بەم زووانە دەگاتە دەستی خوێنەران.
گۆڤارەکە پێداچوونەوەی بە سیاسەتی سەرنوسەری خۆیدا کردووە و سەرنجی خۆی لە پرسە سیاسی و کولتووری و هزریەکانەوە گۆڕیوە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ژمارەی لاپەڕەکانی کەمکردووەتەوە و جەختی لەسەر پرسە سەرەکییەکان کردووەتەوە نەک بابەتی دوور و درێژ.
چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکان

دیلان عوسمان، سەرنووسەری گۆڤاری "آفاق المرأة" ئاماژەی بەوەشکردووە، کە گۆڤارەکە نوێنەرایەتی دەستکەوتێکی بەرچاو دەکات بۆ ژنان، چونکە لەلایەن ژنانی کولتوورە جیاوازەکانەوە نووسراوە، وتی: پێویستی بە گۆڤارێکی زمانی عەرەبی هەبوو کە ڕێگە بە هەموو ژنان بدات بۆچوون و ئەزموون و زانیاری و هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان دەرببڕن و بڵاوی بکەنەوە، لە ڕێگەیەوە ژنان توانیان کارنامەی خۆیان دروست بکەن و بە ئازادی باسی پرسەکانی خۆیان بکەن، سەرەڕای ئەوەی کە گۆڤارەکە تاڕادەیەک کورت بوو، بەڵام بە خێرایی ئامادەبوون و کاریگەری خۆی لەسەر پرسەکانی ژنان جێگیر کرد، ئەمەش بەهۆی ڕووماڵکردنی بابەتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزرییەوە.
پلاتفۆرمێکی ئازاد بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ڕاکێشانی خوێنەری نوێ
ڕوونیشیکردەوە، کە گۆڤارەکە بە سەرکەوتوویی ژنانی وڵاتانی جیاجیا کۆکردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزمون، بە هاوبەشی بەدوای چارەسەر بۆ ئەو کێشە بنەڕەتییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکوانانی مەغریب و تونس و لوبنان و میسر و یەمەن کە هەوڵدەدەن گۆڕانکاری لە بارودۆخی ژنان لە وڵاتەکانیاندا بهێننە ئاراوە، لە ڕێگەی ئەو بابەتانەی لە گۆڤارەکەدا بڵاوکراونەتەوە سوودیان لە ئەزموونی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەرگرت، هەروەها ئەو ژنانەی نەیانتوانی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن لە ڕێگەی ماڵپەڕەکانی پەیوەندیی مەجازییەوە پەیوەندییان پێوەکردین.
دووپاتی کردەوە، کە خوێنەری گۆڤارەکە تەنها لە ژناندا سنووردار نییە، بەڵکو پیاوانیش دەیخوێننەوە، لە هەمووی گرنگتر توانیومانە پلاتفۆرمێک بۆ ئازادی ڕادەربڕینی ژنان دابمەزرێنین و کەشیک دابین بکەین کە ڕێگە بە ژنان بدات بۆچوون و پێشنیار و ئەزموونەکانی خۆیان بە ئازادی بڵاوبکەنەوە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بانگهێشتنامەی هیچ دەزگایەکی فەرمی بکەن.
گۆڕانکاری لە ناوەڕۆک و شێوازدا
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی سەرنوسەر ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەی ١٨هەم، بۆ هۆکاری گۆڕانکارییە نوێیەکانیش وتی: پێویستیمان بینی دەستکاری لە پێکهاتەی گۆڤارەکەدا بکرێت، لەبری ئەوەی ژمارەی لاپەڕەکان زیاد بکەین، کەممانکردەوە چونکە چڕی ناوەڕۆکەکە ڕەنگە ڕێگری بکات لە خوێندنەوەی خەڵک بۆ هەموو ماددەکان، بۆیە زیاتر سەرنج دەخەینە سەر پرسە سەرەکییەکان و بابەتەکان.
ڕوونیکردەوە، کە ئەو شەڕ و ململانێیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتۆتەوە، بووەتە هۆی دابەزینی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژنان لە سووریا، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی گۆڤارەکە لە بڵاوکراوەیەکی سیاسییەوە بۆ بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵایەتی، وتی: وەک میدیای ژنان، ئێمە بەرپرسیارین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پیشەیی بۆ ژنان و بەرگریکردن لە مافەکانیان، هەر بۆیە گۆڤارەکە لە بڵاوکراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزرییەوە گۆڕاوە بۆ بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵایەتی و هزری و کولتووری.
جەختی لەوە کردەوە، کە بەم نزیکانە ژمارەی ١٨هەمی گۆڤارەکە بەناونیشانی "الاندماج الديمقراطي" "یەکگرتنی دیموکراتیک" بڵاودەکرێتەوە، وتی: زۆر گرنگە ژنان لە ڕۆڵی خۆیان لە یەکگرتنی دیموکراتیکدا تێبگەن، چونکە تەنها بە پەیوەندی نێوان دوو دەسەڵاتی سەربازی یان دەوڵەت سنووردار نییە، بەڵکو پرسەکانی ژنانیش دەگرێتەوە.
بانگەوازێک بۆ پشتیوانی و بەشداریکردن
دیلان عوسمان سوپاسی ئەو نووسەر و خوێنەرانەی کرد، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گۆڤارەکەوە پاڵپشتی گۆڤارەکەیان کردووە و وتی: سوپاسی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو نووسەرانە دەکەین کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یاوەری گۆڤارەکە بوون، کە بەردەوام بوون لە نووسین و لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە لەگەڵمان، پێکەوە دەتوانین "آفاق المرأة" بکەینە ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسە بنەڕەتیانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، دەتوانین چرایەک بین لەسەر ڕێگای ئازادی ژنان، هەروەها "آفاق المرأة" گۆڤارێکە بۆ هەموو ژنان، لە هەموو کولتوورەکانەوە.