لە سودان سێ منداڵ و دایکیان کوژران و هۆشداری لە تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی دەدرێت

شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشداری نوێ لەبارەی دەرئەنجامەکانی توندوتیژی لەسەر خەڵکی سڤیل و کرێکارانی فریاگوزاری دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە هاوڵاتی مەدەنی و کارمەندانی تەندروستی و مرۆیی لە چوارچێوەی ئەو توندوتیژییانەی لە سودان بەردەوامە، ئازار دەچێژن و گیان لەدەستدەدەن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی ئایار، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل و کارمەندانی تەندروستی و فریاگوزاری کرد، بەتایبەتی دوای گیانلەدەستدانی دەیان کەسیان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری فاشری سودان.

 

هەروەها لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، داوای لە هەردوو لایەنی ململانێکان کرد لە فاشر، لە ویلایەتی دارفۆری باکوور، لە باشووری وڵات، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، بە ئاماژەدان بەوەی لە فاشر سەدان هەزار دانیشتووی هەیە، هەروەها لایەنە بەشداربووەکانی شەڕەکە دەبێت خۆیان لە بەکارهێنانی چەکی تەقەمەنی لە ناوچە دانیشتووەکاندا بەدوور بگرن

 

کلیمەنتین نکویتا سەلامی، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، هۆشداریدا لەوەی دانیشتووانی شاری فاشرو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی "ترسناک" دەبنەوە لە ئەنجامی شەڕە بەردەوامەکان.

 

جێگای ئاماژەیە کە شەڕەکانی فاشر شەڕەکانی ناوچەی دارفوریان هێنایەوە ئەم ناوچەیە فراوانە کە چەندین هۆزی عەرەبی و ئەفریقی تێیدا نیشتەجێن و بە کشتوکاڵ بەناوبانگن و ڕووبەرەکەی بە نزیکەیی یەکسانە بە قەبارەی فەرەنسا، پڕە لە یادەوەریی پڕ لە ئازاری شەڕی ناوخۆی دڕندانە کە ساڵانێکی زۆری خایاند، جگە لە کۆمەڵکوژییە گەورەکانی نێوان هۆزەکان، دوو دەیە لەمەوبەر.

 

لە ئەنجامی شەڕە بەردەوامەکانی شاری فاشر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گولـلەیەک بەسەر ماڵەکەیاندا، شەوی ڕابردوو ٢٧ی ئایار چوار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە سێ منداڵ و دایکیان بوون.