لە سودان بەهۆی لافاوەوە ٣٧٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە لافاوەکەی باشووری سودان کاریگەری لەسەر ژیانی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس هەبووە، ڕایگەیاند کە ٣٧٩ هەزار کەس لە ئەنجامی لافاوەکەدا ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەم، نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لافاوەکەی باشووری سودان کاریگەری لەسەر ژیانی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس هەبووە و لە ٤٣ کەرتی جیاواز و ناوچەی جێناکۆکدا بڵاوبووەتەوە.

 

نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی لافاوەکەدا لە ٢٢ شوێن زیاتر لە ٣٧٩ هەزار کەس ئاوارە بوون".

 

ئەم دەستەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری دا لە شەپۆلی مەلاریا لەم ناوچەیەدا وڕایگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی مەلاریا لە باشووری سودان بە هۆی لافاوێکی زۆرەوە لە زیادبووندایە و بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە سیستمی تەندروستی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە.

 

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، زیادبوونی نەخۆشی مەلاریا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا تۆمارکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژبوونی سیستمی تەندروستی و سەختترکردنی بارودۆخی دانیشتووانی ناوچە لافاواویەکان.

 

ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان بە ئاماژەدان بە لافاوەکەی ئەو وڵاتە زیادیان کرد: باشووری سودان و بەتایبەت ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە بەرکەوتەی خراپترین لافاو لە دەیەکانی ڕابردوودایە و زۆر بەرکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوایە.

 

باشووری سودان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١١ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو بووە نوێترین وڵاتی جیهان، سەرەڕای هەبوونی یەدەگی نەوتی زۆر، بەڵام باشووری سودان یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و لە دوای سەربەخۆیی سودان تووشی ململانێی نەتەوەیی و ناسەقامگیری و چەقبەستوویی ئابووری و هەروەها کارەساتی کەشوهەوای وەک لافاو و وشکەساڵی بووە.