لە سلێمانی سێ پەرتوکی تایبەت بە ژنان بڵاو کرایەوە
لە سلێمانی مەڕاسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی سێ پەرتوکی نووسەر نەرمین عوسمان کە بریتیین لە "ژن و ئابووریی سەربەخۆ" و "چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عێراق" و "مێگەرایی ڕوانگە و ڕەهەندەکانی بزووتنەوەی ژنان" بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٣ی ئەیلوول، لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت "CDO" لە شاری سلێمانی، مەڕاسیمی ناساندن بۆ هەر سێ پەرتوکی "ژن و ئابووریی سەربەخۆ" و "چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عێراق" و "مێگەرایی ڕوانگە و ڕەهەندەکانی بزووتنەوەی ژنان"ی نووسەر نەرمین عوسمان بەڕێوەچوو.
لەبارەی پەرتوکەکانییەوە، نەرمین عوسمان ڕایگەیاند، ئەو سێ پەرتوکەی ناساندن و دابەشکردنی بۆ دەکەن، هەرسێکی دەربارەی ژنە، یەکێکیان لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێرانی بۆ کردووە، کە باس لە مێژووی بزوتنەوەی ژنانی عێراق دەکات، پەرتوکی دووەمیش لە نووسینی خۆیەتی و دەربارەی مێگەراییە کە پێشتریش بڵاوی کردبۆوە، بەڵام لە ئێستادا بابەتی نوێتری تێدایە و بە گشتی باس لە کۆی بزوتنەوەی ژنانی جیهان، عێراق و کوردستان دەکات، پەرتوکی سێیەمیش دەربارەی ژن و ئابوورییە جگە لەوەی ئابووری زۆر گرنگە مێژووی ئابوریش گرنگە بەهەند وەربیگرێت لەگەڵ کاری سەردەمیانە و ڕۆڵی ژنان لە میدیاکاندا چییە و چۆن دەتوانن لەو ڕێگایەوە خزمەت بە بواری ژنان بکەن.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەشدا هەرسێ پەرتوکەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا .