لە سلێمانی مەڕاسیمی سوپاسگوزاری پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو
بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز لەسەر وێنەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان ، مەڕاسیمی سوپاسگوزاری پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ هاوڵاتیانی باشووری کوردستان، ڕێکخرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە هۆتێل داوا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسی، پەرلەمانتاران، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان، بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفا لەسەر وێنەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە دروشمی " یەکنەتەوە یەک چارنووس" مەراسیمی سوپاسگوزاری بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، هەروەها بە ڤیدیۆ مەزڵوم عەبدی ، فەرمانداری گشتی هێزەکانی قەسەدە، بۆ گەلی کوردی باشووری کوردستان ڕێزو سوپاسی لەپای ئەنجامدانی چالاکییەکانی گەل نارد، پاشان ڕێکخراوی مانگی سوور لە ڕێگەی کورتە ڤیدۆیەکەوە پەیامی سوپاس و پێزانینی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانی باشووری کوردستانیان نارد.
لە مەراسیمەکەدا شەهید ئەحمەد هەردی بەبیرهێندرایەوەو لە لایەن بنەماڵەکەیەوە پەیام دراو وترا: شەهید ئەحمەد هەردی لە باوەشی دایکی و باوکی گەورەبوو بەلام بوە شەهیدی گەلی کورد، ئەمڕۆ ئێمە کۆبوینەتەوە ئێمە بۆ دوپاتکردنەوەی پەیمان و پێکەوەی کۆبوینەوە، چارەنووسی ڕژئاوای کوردستان چارەنوسی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانە.
شۆڕش ئەمین، بەرپرسی ڕێکخراو پشتیوانی باشووری کوردستان وتی: نیشتیمانەکەمان لەڕووی کولتووری و کۆمەڵیەتیی بڕبڕەی پشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، بۆیە پشتیوانییەکان کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان و داگیرکەردا هەبوو، کورد نە ئامادەکاری کردووە بۆ شەڕەکان نە پێشنیار بەردەوام قوربانی دەستی داگیرکەر بووە، بۆیە یەکگرتووی گەلی کورد پاراستنیخۆی و خاکی لێ کەوتوەتەوە، ئەم کۆنەوەیەمان بۆ سوپاس و بیرهاتنەوەی ئەو پێکەوەییەیە، بۆیە پێویستە یەکێتی دیموکراتیک گرنگە بۆکورد و پێویستە کاری بۆبکرێت، ئێمەش بە نوێنەرایەتی چالاکوانان و هاوڵاتیان دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ گەل و بانگەواز لە تەواوی لایەنەکان دەکین کار بۆ بەدیهێنانی گەل بکەن و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان ئەنجامبدەن.
ڕزگار حەسیب، نوێنەری گەنجانی باشووری کوردستان وتی: بە ناوی دەنگی شەقام و گەنجانەوە پەیامی پێکەوەیمان دوپاتکردەوە، نۆرەی لایەنە سیاسیەکانە پێشەنگایەتی ئازادی ڕاستەقینە بکەن، پێویستە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی ئەنجامبدرێت، ئیدی چاوەڕێتان ناکەین.
" بەشداریکردنی گەل بە تەواوی چین و توێژەکان دەستکەوتی مەزنی کوردبوو"
ئارەزوو مەحمود، پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی هێرشەکانی ئەحمەدشەرع بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە تەواوی پارچەکان سەرپێکەوت، تا بتواندرێت لە ڕێکەی سەفەربەری و خۆپشاندانەوە پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت،وتی: ئێمەی کورد لە ئەنجامی پێکەوەیمان توانیمان لە کاتی هێرشەکانی ئەحمەد شەرع بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، بەشێک لە گەنجانی باشووری کوردستان بەرەو ڕۆژئاوا بەڕێکەوتن، پاشان گەل سەرجەم چین و تێژەکان زیاتر لە مانگێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و پشتیوانیکردن ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لێرە بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین ئێمەی کورد کۆبووینەتەوە، لە لایەن گەلی ڕۆژئاوای کوردستانەوە سوپاس و پێزانینمان بۆ هاتووە، تەنها لەباشووری کوردستان چالاکییەکان نەبوو بەڵکو لە تەواوی پارچەکانی کوردستان پێکەوە پشتیوانیان ئەنجامداوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەم پێکەوەییە لە هەبوونی ئەو هەموو زوڵم و ستەمە سەرچاوەی گرتووە، ئێمەی کورد تا ئێستاش زوڵم و ستەمان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، بۆیە ئەو پێکەوەیەمان دەریخست کە گەلی کورد بە یەکگرتوویی دەتوانێت بە مافی خۆی بگات.
" ئێمەی ژنان پێکەوە پشتیوانی لە خاکمان دەکەین"
ژیان حسێن، خانەوادەی شەهیدان، باس لەوەدەکات، لە سەرەتای چالاکییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خۆی و خێزانەکەی
بەشداری لە چالاکییەکەدا کردووە، وتی: من وەک ژنێک کە خانەوادەی شەهیدم بەردەوام لە پشتیوانیکردنی گەلەکەمدا دەبم، هیچکات لە پێکەوەیی ناوەستێین، ئێمەی ژنان بەردەوامی بە خەبات و تێکۆشانەکانمان دەدەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەمڕۆ ئێمەی کورد کۆبووینەتەوە تا دەستخۆشیمان لە لایەن کوردانی ڕۆژئاواوە بۆ ئەو پشتیوانیەمان لێبکرێت، ئێمە هەردەم لە پێکەوەیی و پشتگیرییەکانداین، هەرچیمان کردبێت بۆ گەلەکەی خۆمان و لە پێناو پاراستنی خاکدا کردوومانە.