لە سلێمانی کۆبوونەوەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە سلێمانی لقی عێراقی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی دووەم، لقی عێراقی یەکیتی نیودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەیەکی بۆ بەشێک لە ئەندامەکانی و ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانی مافی ژنان و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕێکخست.

 

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر ئاستەکانی توندوتیژی دژی ژنان و هەمواری یاساری باری کەسێتی عێراق، کە بەو هەموار کردنەوەیە مافی ژنان و مندالان پێشێل دەکرێت و ڕێگەدەدات مندالانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە هاوسەرگیرییان پێبکرێت، یاخود لە دەرەوەی دادگاکان هاوسەرگیری ڕووبدات کە ژنان لە هەموو مافێکی دوای جیابوونەوە بێبەش دەکات.

 

ڕێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوەکرد، لە عێراق بەپێی یاسا مافی ژنان پارێزراو و نییەو لە ئێستادا بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژنان مافەیان ئەوەندەی دیکە پێشێل دەکرێت، لە هەموارەکەدا کە دەوترا مندالانی کچ لە ٩ سالەوە هاوسەرگیری بکەن، گۆڕدراوە بە ١٥ ساڵ بەڵام ئەمەش پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر کردنە، سیاسییەکان دەیانەوێت خەڵک بەمەوە سەرقاڵ بکەن و دادگاکانیش بەپێی یاسا کار ناکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئیستادا بەپێی دوایین ئامار چوار هەزارو ٥٠٠ منداڵی چەتەکانی داعش هەن لە موسڵ لە قۆناغی یەک تا شەشی بنەڕەتی دەخوێنن و بێ ناسنامەن، ئەم منداڵانە باوکیان نادیارەو ناسنامەیان پێنادرێت، ئەمەش بابەتێکی جددیە و توندوتیژییە بەرامبەر ئەو منداڵانەو دایکیان.

 

هەروەها نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ وتی: ڕۆڵی ڕاگەیاندن گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چونکە ڕٶلی هەیە لە گۆڕینی داب و نەریتی کۆن بۆ داب و نەریتی نوێ، لە ئێستادا کە توندوتیژی بووەتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە کارکردنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمواری یاساری باری کەسێتی عێراق مەترسی لەسەر ژنانی عێراق نەک تەنها لەناو وڵاتەکەدا بەڵکو لەهەموو وڵاتان دروست دەکات، چونکە دەکرێت ژنانی عێراقی پەنابەر بەزۆر ببرینەوە بۆ عێراق و هاوسەرگیریان پێبکرێت، یاخود ئەو پیاوانەی ویستییان ئەوەیە لە وڵاتانەوە کۆچ بکەن بۆ عێراق بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵان بکەن.