لە سلێمانی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گردبوونەوە کرا

دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاواى کوردستان چالاکوانانی سلێمانی گردبوونەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک پیلانی داگیرکردنی کوردستان بەڕێوەدەبات و دەبێت سنوورێکی بۆ دابنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ١٣ی تەمووز، لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، چالاکوانان و توێژە جیاوازەکان بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر خاکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، گردبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا شنە عەلی، چالاکوان یاداشتی چالاکییەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، ئیمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانیی و نەتەوەییمان، لە دوای بێ ئومێدبوونمان لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو ڕەنگەکانەوە، ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەش کە ئۆپۆزسیۆنن، ناچارین و ڕوو لە گەل بکەین، کە بە ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتمانیی خۆتان هەستن بۆ ڕێگری لە داگیرکاریی خاکەکەمان ئەگەر ئێوەش لەناو هەمان کردەوەی دوژمنکارانەدا نین دژی خاک و گەلی کوردستان، تکایە بە ئەرکی ویژدانیی و ئەخلاقیی و نیشتمانیی خۆتان هەستن.

 

ئاماژە بەوەشکرا، بەرپرسانی عیراق و هەرێم و ئەورووپا و ئەمریکا ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی ئەم داگیرکارییەی تورکیایان بە بەرچاوی جیهانەوە دەکەوێتە ئەستۆ چونکە بە ئاشکرا دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستی کردووە بە زیادکردنی بنکەی سەربازیی لە باشووری کوردستان کە قەوارەیەکی فیدراڵییە لە چوارچێوەی سەروەریی دەوڵەتی عێراقدا.

 

هەروەها تێیدا هاتبوو، سەرکەوتنی ستراتیژیی میساقی میللیی لە کوردستان دەبێتە هۆی داگیرکردنی عێراق و سووریاش، ناکۆکییەکانی هەرێمەکە قووڵتر دەکاتەوە و کۆچکردنی ملیۆنان مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئەو ستراتیژی شەڕەی ئێستا لە کوردستان پێش دەخرێت، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەگرێتەوە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئاستی سیاسەتی جیهانیدا یەکلاکەرەوەیە، بۆیە ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهان دەبێت.

 

لەکۆتاییشدا تێیدا هاتبوو: ئێمە وەک چالاکوانانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییە کوردییەکان بۆ وەستاندنی ئەم داگیرکارییە بانگەواز دەکەین لە حکومەتی عێراق و سووریا، کۆمکاری عەرەبی، یەکیتی ئەوروپا و ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ڕێسا نێونەتەوەییەکان وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسەی ئەورووپا و ناتۆ کە تورکیا ئەندامێتی و یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا کە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورکیادا هەیە، ڕێگە بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک مەدەن، هەروەها ڕۆڵ بگێڕن بۆ چارەسەری سیاسیی پرسی کورد.