لە سلێمانی دیدارێک بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخرا

لە شاری سلێمانی یەکەمین دیداری ڕێکخراوی چاردۆز، بۆ پشتگیری ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە ڕێکخرا کە ئامانج لێی باشکردنی بارودۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتە و گونجاندنی ژینگە و ژیانیانە پێکەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی-ئێوارەی ٢٠ی ،ئەیلوول لە هۆتێڵ ڕۆتانا لە شاری سلێمانی، یەکەمین دیداری ڕێکخراوی چاردۆز بە ناونیشانی “کەمئەندامیی و مێینەبوون شانازی دەوێت نەک شەرم" بۆ پشتگیری ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخرا.

 

ساریا سیروان، کارمەندی خۆبەخشی تیمی ڕێکخراوی چاردۆز، باسی لە ڕێکخراوەکەیان کردو وتی: ڕێکخراوی چاردۆز لەمڕۆدا بۆ دەستپێکی کار بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کارو چالاییەکانی خۆی بۆ تەواوی ژنانی خاوەن پێداویستی ڕادەگەیەنێت، ئەم ڕێکخراوە لە لایەن ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەکانی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، ڕێکخراوەکە لە مامۆستا و چەندین توێژەری ژن پێکدێت، کە تێیدا بە هەماهەنگی کار لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی ژنان لەهەر جێگایەکی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەم ڕێکخراوە لە پای ئەو تونوتیژی و نەبوونی خزمەتی ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەت دروستبووە، بۆیە هەر لە پای چارەسەرکردنی کێشەکان کاردەکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئێمە دەزانین ژنان لە ناوچەکەدا ڕوبەڕووی توندوتیژی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەبنەوە، هەروەها لایەنی پەیوەندیداریش هاوکاریان ناکات،پاشان ئێمە دەزانین ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەت چەندین کەسانی بەتوانای تێدا هەیە، لە ڕێگەی ڕێکخراوی چاردۆسەوە هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانیان دەدرێت.