لە سلێمانی بکوژی ژنێک دەستگیر کرا

مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتنی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لەسەر دۆسیەی کوشتنی ژنێک تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بلاویکردەوە، دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی ژنێکی بەڕەگەزنامە عەرەب لەماڵێکدا کوژراو کاتی ڕوودانی تاوانەکە تۆمەتبارێک لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراو بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارێکی تر دەرکرد، هێزەکانی پۆلیس لەبەدواداچونەکانیان بەردەوام بوون بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبارو دەستگیرکردنی.

 

ئاماژە بەوەکراوە، سەرەنجام توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتن بەهاوکاری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان لەو پارێزگایە دەستگیربکرێت.

 

پۆلیسی سلێمانی وتیشی: لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، ع) کە بەڕەگەزنامە عەرەبەو هاوسەری کوژراوەکەیە، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکە بەردەوامە.