لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس بەڕێوەچوو

لە یادی شەهید کردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی مەراسیمێک ڕێکخرا و چالاکوانان و ئازادیخوازان و کەسوکاری شەهیدان کۆمەڵکوژیەکانیان شەرەمەزار کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی ئەکواپارک لە شاری سلێمانی، ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، لە  ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس لەلایەن دەوڵەتی تورکیا کرایەوە، مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد، دواتر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان مۆم داگیرسێنران.

 

لە مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز پێشکەشکرا، دواتر لەلایەن تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سوید وتار پێشکەشکرا.

 

 

بانوو هەڵەبجەیی، بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکی خوێندەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکرا درێژەدان بە ڕێبازی ساکینە جانسز لە واقیعی کوردیدا هێز و بوونی خۆی لە بەدیهاتنی بەهاکان دەردەخات، خەباتی ئەوان کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی جیهان هەیە، تورکیا دەیەوێت بە شەهیدکردنی ئازادیخوازان ژنان لە لە خەباتکردن سارد بکەنەوە، بەڵام ئێمە زیاتر تێدەکۆشین و شۆڕش دەکەین.

 

 ئامینە کاکە باوە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە پەیامێکی پێشکەشکرد و وتی: من خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەو خەڵاتەم پێبەخشراوە، منیش دەمەوێت ئەم خەڵاتە پێشکەش بکەم بە هەر ژنێکی شۆڕشگێر کە خەبات دەکات لە پێناو ئازادیدا، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێگەیەی کە ساکینە جانسز و هاوڕێکانی خەباتیان بۆ دەکرد.

 

لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی ساکینە جانسز بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەخشرایە سێ ژن کە لە تێکۆشان دژی نادادی، دەسەڵاتداری و داگیرکاری لە تێکۆشان بەردەوامن، یەکەم خەڵاتی ساکینە جانسز بۆ ئەمساڵ پێشکەش بە ئامینە کاکە باوە کرا و لەلایەن تارا حسێنەوە خەڵاتەکە وەرگیرا، دووەم خەڵات بەخشرایە ئامینە شەنیاشار و لەلایەن نورتەن چەلەبی، هاوژینی شەهید زەکی چەلەبی وەرگیرا و سێیەم خەڵاتیش بەخشرایە ژینا ئەمینی و ئامینە عەلی دایکی هەردوو شەهید ڕێناس و ڕێباز تیلەکۆ خەڵاتەکەی وەرگرت.

 

مەراسیمەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهات.