لە شارەدێی سیروان "باخچەی ژینگە" کرایەوە

باخچەی ژینگە لە شارەدێی سیروان کرایەوە، بەوەش ڕێژەی سەوزایی لە شارۆچکەکەدا گەیشتە ٢٥٪، خێلان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەڵێت: کار بۆ گەشەپێدانی سەوزایی بەردەوامە.

میهرەبان سەلام 

 

سیروان-لە پێناوی زیاتر خزمەتکردن بە ژینگەی کوردستان و گەشەپێدانی ڕێژەی سەوزایی، لایەنە ئیدارییەکان هەنگاوی جۆراوجۆر بۆ پاراستن و زیادکردنی سەوزایی و ژینگە دەنێن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە شارەدێی سیروان، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە و فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە، باخچەیەکی ژینگەیی سەوزکراو کرایەوە و ئێستا لە خزمەتی هاوڵاتیانە.

 

خێلان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە وتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە گرنگییەکی زۆر بە سەوزایی، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و دروستکردنی باخچە لەسەر ئاستی شارەوانییەکان دەدات، لە سەرەتاوە لە خورماڵ دەستمان پێکردووە و ئێستاش گوڵی قاوەیی و دارەسوورە و چنارمان ڕواندووە، دەستخۆشی دەکەم لە شارەوانی سیروان و کۆمپانیای بیڤان، کە بە شێوازێکی جوان ڕازاندوویانەتەوە. هەروەها لە شارەدێی سیروان چەندین جار هەڵمەتی نەمام‌ چاندنمان ئەنجام داوە.

 

وتیشی: ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکێکی سیروان جۆرێک لە دارمان چاند، بۆ ئەوەی هەموو گەڕەکە یەک سیما و شێوازێکی جوانی هەبێت، ساڵی ڕابردوو پێنج هەزار مەتر دووجا باخچەمان دروست کردووە، لە ڕاستیدا، کار بۆ گەشەپێدانی سەوزایی بەردەوامە، ئەم ناوەڕاستەی بازاڕی سیروان، کە پێشتر شوێنی کۆکردنەوەی خاشاک بوو، لە نەخشەدا دەبوو بە سەوزایی دیاری بکرێت، بۆیە بەرنامەمان داناوە بۆ سەوزکردنی ئەم شوێنە و دوو بەشمان لەو پڕۆژەیە تەواو کردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم کارانە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێن و هێشتا بەشێک لە کارە هونەرییەکان ماوە، بەرنامەمان بۆ دانراوە و بە زوویی دەست بە سەوزکردنی ئەو بەشەش دەکەین.