لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگالدا تاژێ بەردەوامیی خەبات دووپات دەکاتەوە

لە ١١هەمین ساڵیادی ئازادکردنی شنگالدا، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" داوای لە دەوڵەتی عێراق کرد بە فەرمی دان بە فەرمانەکەدا بنێت و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکات و چارەنووسی هەزاران کەسی ونبوو ئاشکرا بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٠١٤ شنگال ڕووبەڕووی ٧٤ەمین فەرمان بوو کاتێک داعش لەشکرکێشی کرد، کۆمەڵکوژییەکی دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامدا کە لە ئەنجامدا هەزاران کوشتن و ڕفاندنی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زۆرەملێی سەدان هەزار کەسی لێکەوتەوە، بەمەش بوو بە یەکێک لە ترسناکترین کارەساتە مرۆییەکان لە مێژووی هاوچەرخدا.

 

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: لە ١١ەهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگال پیرۆزبایی لە گەلی خۆڕاگرمان و سەرجەم شەهیدانی ئازادی و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، بە سوپاس و ڕێزەوە یادی  هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە کە ژیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ڕزگاری و سەرکردایەتی ئەم خەباتە مێژووییانەی کرد.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە فەرمانی ٧٤ هەزاران ئێزدی ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و باجێکی قورس بدەن، وتی: هەزاران ژن و بەتایبەت دایک و منداڵە کچە ئێزدییەکانمان کەوتنە بەر دڕندەیی داعش، برینی قوڵ بەسەر دڵماندا کەوت، بەڵام بەهۆی بیرۆکە و هەوڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و خەباتی مێژوویی پەکەکە ڕێگری لە بەردەوامبوونی ئەم فەرمانە کرا، لەم ڕۆژە پیرۆزەی ئازادیدا سڵاو لە قوربانیدانەکانیان و هەوڵە پیرۆزەکانیان دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئامانجی کۆتاییمان بونیادنانی شنگالێکی ئازادە.

 

ڕوونیکردەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کارەساتانە نەبێتەوە، هێزی بەرگری و ڕێکخراوەکەمان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانمان بونیاد ناوە، ماوەی ١٢ ساڵە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین و هەوڵدەدەین ڕێگری لە دەرکردنی فەرمانی نوێ بکەین، ئێمەش وەک تاژێ کاری چارەنووسسازمان کردووە، تیشکمان خستۆتە سەر ناسنامەی ئازاد و ئیرادەی سەربەخۆی ژنانی ئێزدی.

 

سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی ناوچەکەش لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەگەڵ توندتربوونی ڕەگەزپەرستی و خێڵەکی، وڵاتانی ناوچەکە تووشی قەیرانێکی قووڵ دەبن، ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لەم دۆخە پشێوییە، توندوتیژی بەرامبەریان بەرەو هەڵکشان دەچێت، وەک ئێزدییەکان باجێکی قورسمان داوە، لەبەر ئەوە داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیک، ئازادیخواز و هۆشیارەکان دەکەین کە هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێزدی و هێزەکانی شنگال بەهێزتر بکەن.

 

تەڤگەرەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە دەوڵەتی عێراق هەڵوێستێکی بەرپرسیارتر بەرامبەر بە ئازار، داواکاری و برینەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بگرێتە بەر، هەزاران ژن و منداڵ هشتاش لە ڕیزی بێسەروشوێنەکاندان و چارەنووسیان نادیارە.

 

جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە و فەرمی دەوڵەتی عێراق کراوەتەوە بۆ داننان بەو فەرمانەی کە بەرامبەر ئەم پێکهاتەیە ئەنجام دراوە و ڕێوشوێنی دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە تاوانباران و دامەزراندنی لیژنەی کاریگەر بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان.

 

"داهاتوومان بە ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەمان مسۆگەر دەکرێت"

جەختی لەوە کردەوە، کە پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستیپێکردووە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی نوێبوونەوە و خۆئاگابوونە بۆ ئەوانیش، وتی: ئەمڕۆ لە سایەی هەوڵەکانی ڕێبەر ئۆجالان و شەهیدەکانمان، ئیرادەیەکی گەورەمان بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و خەباتێکی بێهاوتای بەدەستهێناوە، ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار ئیرادەی کۆمەڵگەکەمان و دامودەزگاکانمان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ناسیبێت، ئەمە بەرهەمی ئەم خەبات و خۆڕاگرییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە تەواوی ئاگادارین کە گەورەترین مسۆگەری بۆ بەرگریکردن لە داهاتوومان لە ساڵی داهاتوودایە، هەروەها هێز و ئیرادە و ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەمان بۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق تەنها لە ئەنتیگراسیۆنی سەربازیدا سنووردار نەکات، بەڵکو دەبێت بە فەرمی دان بە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکی دامەزراوەکان و خۆبەڕێوەبەری لە شنگالدا بنێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کایەی سیاسی و یاسایی و هەنگاونان بەرەو دیموکراتیک بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە سەرتاسەری عێراق و پاراستنی مافەکانی ژنانی ئێزدی کراوەتەوە، وتی: تا ئەوکاتەی ئیرادەی گەلەکەمان بەتەواوەتی ناسێنرێت، تا ئەو فەرمانە بەفەرمی وەک فەرمان پەسەند دەکرێت و تا چارەنووسی هەموو بێسەروشوێنەکان ئاشکرا دەبێت، بەبڕیارانە درێژە بە خەبات و بەرخۆدانمان دەدەین.