لە قامیشلۆوە پشتیوانی بۆ مەخمور: ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن

دانیشتوانی شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدان و تەلبەندکردنی مەخمور خۆپیشاندانیان کرد، ژنان داوایان لە گەلی مەخمور کرد کە لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە.

قامیشلۆ

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق دەیەوێت کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور تەلبەند بکات و گەمارۆی بدات، دوای بەرخۆدانی دانیشتوانی کامپەکە، هەوڵەکانی سوپای عێراق تێکچوون و تا ئێستا گەل لە بەرامبەر سیاسەتی گەمارۆ بەرگری دەکەن، دانیشتوانی قامیشلۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی مەخمور و بەرخۆدانیان، بە دروشمی "ئێوە ناتوانن بە هێرش و بازنە ویستی ئێمە بشکێنن"، ڕێپێوانێکیان ڕێکخست.

ڕێپێوانەکە لە ناوەندی محەمەد شەیخو بۆ ڕۆشنبیری و هونەر دەستیپێکرد و لە بازاڕی قامیشلۆ بووە بە گردبوونەوە.

زین ئاسلان، لە قامیشلۆ کە بەشداری لە ڕێپێوانەکەدا کرد ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق خاوەنداری لە خەڵکی مەخمور نەکرد لە کاتی هێرشەکانی تورکیا، خەڵکەکە خۆیان بەرەنگاری بوونەوە و وتی: ئێمە سڵاو لەو بەرخۆدانە دەکەین کە بەها و ڕۆحی ژنان دەپارێزێت، حکومەتی عێراق و لایەنگرانی  دەوڵەتی تورک و پەدەکە شەرمەزار دەکەین، لە ساڵی ١٩٩٢ خەڵکی مەخمور ئاوارە بوون بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، تا ئەو کاتەی ئەو کەسانە گەیشتن بە عێراق؛ منداڵەکانیان لە دەشتایی و چیاکاندا گیانیان لە دەست دا، ئەو کامپە شوێنی مار و مشک بوو، بەڵام خەڵکەکەمان کردیان بە شوێنێک کە تێیدا دەژیان، خەڵک خۆیان سیستمێکی ئەخلاقی و کولتوورییان دامەزراندووە بەبێ ئەوەی پێویستی بە حکومەتی عێراق و باشوور هەبێت، مافی ئەوەیان نییە مەخمور دابەش بکەن.

 

"ئێوە بە تەنەها نین"

زین ئاسلان جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگاری لە شەرەف و ناسنامەی مەخمور دەکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داوا لە هەموو کەسێک دەکەین خاوەنداری لە مەخمور بکەن، مەخمور شەرەف و ناسنامەی ئێمەیە، پیلانگێڕەکان دەیانەوێت پلانەکانیان لە مەخمور جێبەجێ بکەن، بۆیە دەڵێین ئێوە بەتەنها نین، خەڵکی مەخمور زۆر شتیان بۆ ئێمە کردووە، بۆیە ئێمە وەک خەڵکی ڕۆژئاوا پێویستە ناسنامەیان بپارێزین، ئێمە هەتا کۆتایی لەگەڵتانین.