لە پەهلەویەوە بۆ کۆماری ئیسلامی؛ ستەمکاری شێوازی دەگۆڕێت بەڵام وەک خۆی دەمێنێتەوە

لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خەباتێکی شاراوە ئاشکرا دەکرێت کە پێکهاتە تاکڕەوە کۆنەکان بە ناوی نوێدا بەرهەم دەهێنێتەوە.

سارە بورخزاری

 

کرماشان-لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ پەرەسەندنی چاوەڕوانییەکان بۆ ڕووخانی ڕژێم، ڕەوتی شاراوە لە ناو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە لە ژێر کاریگەری ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەمی و شەڕی ئەم دواییەدا دەجووڵێت. زۆرێک لە ناو ئەم ڕەوتانەدا هیواخوازن هەر داڕمانێکی ئەگەری ڕژێم ڕێگایان بۆ خۆش بکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات نەک بەدیهێنانی گۆڕانکاری دیموکراتیکی ڕاستەقینە.

 

لە نێو ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوودەدەن، شەڕێکی بێدەنگ نەک لە شەقامەکاندا، بەڵکو لەسەر دیوارەکانی بەڕێوەدەچێت، دیوارێک کە تەنها چەند وشەیەکی لەسەر هەڵکەندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، چینەکانی مێژوویەکی قورس، مێژوویەکی خوێناوی یان لەبیرکراو شاردوەتەوە، کە ڕەگی ڕاستەقینەی زۆرێک لەو دروشمانە پێکدەهێنێت. هەموو نووسینەکان لە هۆشیارییەکی درێژخایەن یان ئەزموونێکی قووڵ لەدایک نین، بەڵکو هەندێکیان ڕەنگدانەوەی بزووتنەوە نهێنییەکانی هێزە فیکری و سیاسییەکانن کە لە پشت پەردەوە هەوڵی وەرگرتنەوەی کاریگەرییە لەدەستچووەکانیان دەدەن و ئەوەی بە مافی میراسی خۆیان دەزانن، زیندوو بکەنەوە.

 

لە ناوەڕۆکی ئەم خەباتەدا، گەل چەقبەستوو وەستاوە، هەموو شتێک لە دەوروبەری خۆیدا بە یەک وشە کورت دەکاتەوە، ئەویش ئازادییە. ئەوە ئەو ئازادییەیە کە وەک مافێکی سروشتی تامەزرۆی ئەوانە، لەگەڵ ئەوەشدا تێدەگەن کە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو داهاتوو دروست ناکات و دووبارە پێداچونەوە بە ئەوەی پێشتر تاقی کراوەتەوە تەنها دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەکانە، جا هەوڵێک بێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕژێمێکی کەوتوو یان تاقیکردنەوەیەک کە کارەساتبارەکەی سەلماندووە.

 

لە کرماشان کە کۆڵانەکان شاهیدی ڕووداوی تاڵ و شکۆمەند بوون، دوو دروشمی دژبەیەک دیوارەکان دەڕازێننەوە: "مەرگ بۆ شا" و "بژی شا"، لە یەکەم نیگادا دژایەتییەکە توند دەردەکەوێت، بەڵام سەیرکردنی قووڵتر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەگ و ڕیشەیان وەک یەکە. لەوانەیە ئەو تاجەی سەری فەرمانڕەوایەکی ڕازاندەوە، ببێتە "عەمامە" لەسەر سەری ستەمکارێکی تر. ئەوەی دەگۆڕێت سیمبولیە، بەڵام بناغەی دەسەڵات وەک خۆی دەمێنێتەوە.

 

لە ڕۆمانی "١٩٨٤"ی جۆرج ئۆروێڵدا جیهانێک دەخرێتەڕوو کە دەسەڵاتی ڕەها سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی دیکتاتۆرییەکی نوێ بە دەستکاریکردنی زمان و گۆڕینی واتاکانی چەمکەکان. دامەزراوە حکومییەکان ناوی سەرنجڕاکێشیان هەیە، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی ڕایدەگەیەنن پراکتیزە دەکەن. "وەزارەتی ئاشتی" شەڕ بەڕێوە دەبات، "وەزارەتی ڕاستی"یش بەرپرسە لە ساختەکردنی مێژوو و هەڵبەستنی ڕاستیەکی جێگرەوە، ئۆروێڵ ڕوونی دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی زمان کلیلی زاڵبوونە بەسەر هۆشیاری و یادەوەری بەکۆمەڵدا.

 

بە سەیرکردنی ڕاستی، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە واتاسازییە تەنها خەیاڵی ئەدەبی نییە. لە زۆرێک لە وڵاتان ڕژێمە ستەمکارەکان دەڕووخێن، بەڵام دامەزراوەکانیان بە ناوی نوێدا دەردەکەونەوە، لە کاتێکدا بناغەی ئەمنی و سیاسییان وەک خۆی دەمێنێتەوە. لە کۆماری ئیسلامیدا وەزارەتی ئیتلاعات نموونەیەکی ڕوونی ئەم گۆڕانکارییە، ناوەکەی ئاماژەیە بۆ شیکردنەوە و ئاسایشی نەتەوەیی، لە هۆشیاری گشتیدا، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، پەیوەندی بە گرتن و سەرکوتکردن و دەرهێنانی دانپێدانان بە زۆرەوە بووە.

 

لێکۆڵینەوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە وەزارەتی ئیتلاعات لە دوای شۆڕشەوە لە سفرەوە بونیاد نراوە. بەڵکو بەشێکی زۆری ئەزموون و میتۆدەکانی لە ساڤاک "پۆلیسی نهێنی شا'' لە سەردەمی پەهلەویدا بە میراس گرتووە، ژمارەیەک لە کارمەندانی ساڤاک لە پێکهاتەی ئەمنی نوێدا هەڵمژران و بەم شێوەیە ئامێری ئەمنی دواتر لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشوو نەک لە دژایەتیدا پێکهێنرا. هەمان شێوازەکانی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە بەردەوام بوو لە بەکارهێنان.

 

لەگەڵ فراوانبوونی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی ئیتلاعات تەنها دامەزراوەیەک نەبوو کە دامەزرا. تۆڕێکی بەرفراوان لە دەزگای هاوتەریب دروست بوو، وەک دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و یەکە ئەمنیەتییە جیاوازەکان، کە بوونە هۆی بەهێزبوونی ئامادەیی ئەمنیەتی دەوڵەت. لە هەمان کاتدا، ڕیتۆریکی ئایدیۆلۆژی ئەم دامەزراوانەی بە کارەکتەری پیرۆزەوە ڕژاند، بە بەکارهێنانی زاراوەی وەک "سەربازە نەناسراوەکانی ئیمامی سەردەم" و "پارێزەری بەها شۆڕشگێڕییەکان". لە ئەنجامدا، ئامێری ئەمنی ئەوەندەی بوو بە ئامرازی شەرعیەت، ئەوەندەش بوو بە ئامرازی چاودێری. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە جۆرج ئۆروێڵ هۆشداری داوە: دەسەڵات کاتێک تەواو دەبێت کە دەست بەسەر زماندا بگرێت و واتای وشەکان دەگۆڕێت و هۆشیاری لە قاڵب دەداتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە بەردەوامیی خۆی بکات.

 

گێڕانەوەی نوێ و پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆن

لە سەردەمی پەهلەویدا میدیاکان کەوتە ژێر سانسۆری توند و شا وەک کەسایەتییەکی پیرۆز لە دەرەوەی ڕەخنە وێنا دەکرا، پۆلیسی نهێنی ساڤاک بە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەدان بەرەوڕووی هەر دژایەتییەک بووەوە. بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئازادی ڕادەربڕین بە کردەوە نەبووە، سەرەڕای بانگەوزی هەندێک لە پاشایەتیخوازەکانی ئەمڕۆ.

 

بەراوردێک لە نێوان ئەو سەردەمە و کۆماری ئیسلامیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی پاوانخوازی دووبارە بوونەتەوە: دەسەڵاتی ناوەندگەرایی، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، کۆنترۆڵکردنی میدیاکان و سوود وەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکان بۆ ترساندنی کۆمەڵگە، ئەم بەراوردکردنە بۆ ڕوونکردنەوەی مێژوو و ڕێگریکردن لە تەڵەی گێڕانەوەی شێواو و تێگەیشتن لەوەی کە گۆڕینی ناوەکان مەرج نییە بناغەی دەسەڵات بگۆڕێت، شتێکی بنەڕەتییە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، تاکە ئەندامی لە ژیاندا مابووی خێزانی پەهلەوی، لە ڕێگەی وەبەرهێنانە بەرفراوانەکەیەوە لە میدیاکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هەوڵی داوە وێنەیەکی ئایدیالیزەکراوی سەردەمی پێش شۆڕش بخاتەڕوو، سەردەمێک کە گوایە شا هەمیشە لە خزمەتی خەڵکدا بووە، بە خێرایی وڵاتی پەرەپێداوە و گەنجانی بۆ ئەورووپا ناردووە بۆ خوێندن، ئەم گێڕانەوەیە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ساڤاک دامەزراوەیەکی لایەنگری بووە و کەشوهەوای خنکێنەری ئەو سەردەمە تەنها زیادەڕەوییەکی کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام بەڵگەنامە مێژووییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و شایەتحاڵی ڕزگاربووانی ئەو سەردەمە وێنەیەکی تەواو جیاواز دەخەنە ڕوو، ئەم بەراوردکردنە مەبەست لێی بێتاوانکردنی لایەنێک یان پووچەڵکردنەوەی لایەنەکەی دیکە نییە، بەڵکو وێناکردنی سووڕێکی دووبارەبوونەوەی دەسەڵاتە لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خولگەیەک کە حکومەتەکان بەبێ گوێدانە ناو و ڕواڵەتەکانیان، بە پشتبەستن بە سەرکوتکردن، سانسۆر و نەهێشتنی ناکۆکی، بوونی خۆیان پاراستووە، بۆیە تێگەیشتن لەم ڕاستیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە، داهاتوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو بونیاد بنێت و دوور بکەوێتەوە لەو خەیاڵ کە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پەهلەوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی کامڵ.

 

ڕێگای ڕزگاری

لە ژێر دەیان ساڵەی ستەمکاریدا، پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ڕۆڵی تاکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەوسانەوەی دووبارەبووەوەدا دێتە ئاراوە. ئەوەی پێویستە سەرەتا شیکردنەوەی ڕاستییەکانە، جیا لە دروشم و گێڕانەوەی هەڵبەستراو لەلایەن ئەوانەی بەدوای دەسەڵاتدا دەگەڕێن، کۆمەڵگەیەک کە شکست دەهێنێت لە بینینی ڕاستی، چەندین جار ستەمی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتحاڵی دوو دەسەڵاتی پاوانخوازی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بووە، تەنها لە شێوازدا جیاوازییان هەیە، نەک لە بناغەی قۆرخکارییان لەسەر دەسەڵات و سەرکوتکردنی نەیاران. ئەمڕۆ لایەنگرانی ئەم دوو ڕەوتە شەڕی ئازادی گەل ناکەن، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردن.

 

کێشەکە لەوەدایە کە نەناسینی ستەمکاری ڕووخساری زۆری هەیە، بەڵام هەمیشە لەسەر چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی کەمینەیەک و بەدەرکردنی کۆمەڵگە دامەزراوە. هەتا مرۆڤەکان لەم نەخشە تێنەگەن، دەکەوێتە داوی وەشانێکی نوێی دەسەڵاتی کۆن. بۆیە دەبێتە ئەرکی کۆمەڵگە کە بە ڕەخنەییەوە مێژوو بخوێنێتەوە و دووبەرەکییە درۆینەکان هەڵبوەشێنێتەوە و هەر دەسەڵاتێک بە پێی پێوەرەکانی ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هەڵبسەنگێنێت. جگە لەوەش دەبێت گێڕانەوەی گەلان سەربەخۆ بونیاد بنرێت و هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەڵێنی ڕزگاربوون بدات بەبێ پڕۆژەیەکی دیموکراتیکی ڕوون دەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە. تەنها لە ڕێگەی ئەم بنەمایانەوە دەتوانین خۆمان بەدوور بگرین لە کەوتنە ناو تەڵەی سیاسەتی دەسەڵات، کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سەردەمیەکەیدا، دەتوانێت دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە پێناسە بکاتەوە. لەبری ئەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکی هەڵبژێردراودا چڕبکاتەوە، وەک لە ڕابردوودا، بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت و خولێکی نوێ لەسەر بنەمای بەشداریکردن و ئازادی و بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ دروست دەکات.

 

کۆمەڵگەیەک کە لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو فێربووبێت، ناکەوێتە داوی ئەو گێڕانەوەیانەی کە لە ناخی پێکهاتە تاکڕەوەکانەوە سەریان هەڵداوە. لە ژینگەیەکی وادا، لەبری ئەوەی دروشمی لایەنگری و دژبەیەک کە تەنها بازنەی کۆنی دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە، بخزێنرێنە دەرەوە، مرۆڤەکان سەرنجیان لەسەر بنەمای ڕەوشتی و مرۆڤدۆستی دروشمەکە دەبێت، بنەمایەک کە ناو و سیمبولیکان تێدەپەڕێنێت، وەک "مەرگ بۆ ستەمکار"، جا چ پاشا بێت یان سەرکردە، ئەم دەستەواژەیە بانگەوازێک نییە بۆ توندوتیژی، بەڵکو بیرخستنەوەی پێوەرێکە کە وتی: کێشەکە لە تاکدا نییە، بەڵکو لە دەستی ئەو پێکهاتە ستەمکارەیەدایە کە ئەوانەی پشتی پێدەبەستن بە ناچاری خۆیان دەخزێننە ناو ستەمکارییەوە، کۆمەڵگەیەک کە ئەم پێوەرە قبوڵ بکات، چیتر بە کەسایەتی نوێ لە دەسەڵاتدا فریو نادرێت، بۆ یەکەمجار دەتوانێت پێوەرەکەی دەسەڵات بە پێوەری ئازادی بگۆڕێت.