لە نۆزدەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە برۆکسل باس لە پێویستی دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دیموکراتیک دەکرێت

بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لەسەر نۆزدەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە برۆکسل هەبوو کە تیشکی خستە سەر پێویستی دانوستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراتیک.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی مەدەنی ئەورووپا – تورکیا نۆزدەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەناونیشانی "یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا و کورد" لە برۆکسل ڕێکخست، لە کۆنفرانسەکەدا بە بەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیستەکان، سیاسەتمەدارانی ئەوروپی، کەسایەتی و چالاکانی تورکیا و کورد، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە گەلی کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا.

 

سەبارەی بە ئەو کیشانەی لە سەدەی ٢١ لەلایەن عەقڵیەتی پیاوەوە دروست کراوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسهرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری وتی: ڕژێمی ئێستای پیاوسالارییه و هەربۆیە پێویستە بەردەوام بێت لە خەباتی چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و دەبێت دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت.

 

کاریان وێستەرهایم، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کۆمەڵگەی مەدەنی نەرویج بۆ مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا ڕایگەیاند، بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، لە ١٧ی شوبات، لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێکرا، بۆیە هیوادارین ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و تورکیaیەکی دیموکراسی بەدەستبهێنین.

 

جۆدی ویلیامز، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وتی: پێویستە هەردوولا ئامادەبن بۆ ئاشتی، هەروەها هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە ئاشتی و چارەسەری نادیارە، کاتێک داوای واژۆمان لە براوەی خەڵاتی نۆبڵ کرد لەسەر داواکاری ئاشتی کورد، بینیم پرسی کورد بۆ زۆر کەس نوێیە، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر واژۆ و بانگەوازەکانمان بێدەنگ بوو، لەم قۆناغەدا وەڵامی داواکارییەکانی ئێمەی نەداوەتەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکە گۆشەگیر بووە و بەهۆی بۆچوونەکانیەوە زیندانی کراوە، داوای ئاشتی دەکات، سەرەڕای ئەوەش وتی "کاتی ئاشتی هاتووە" و پەرەپێدانی وڵات و ناوچەکە بە شێوەیەکی دیموکراتیک زۆر گرنگە.