لە نەینەوا ٢٨٠ کاندیدی ژن کێبڕکێ لەسەر هەشت کورسی پەرلەمان دەکەن

لە نەینەوا وۆرکشۆپێک بۆ ٢٨٠ کاندیدى ژن سازکردووە، کە کێبڕکێ لەسەر هەشت کوورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ژنان و هاندانیانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.

ناوەندی هەواڵ

 

سوفیان مەشهەدانی، بەرپرسی نووسینگەى هەڵبژاردنی نەینەوا، سەبارەت بە ئەنجامدانى سیمینارێک بۆ دەیان کاندیدى ژن و هۆشیارکردنەوەیان، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.

 

سوفیان مەشهەدانی ڕایگەیاند، نووسینگەکەیان وۆرکشۆپێکی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ ٢٨٠ کاندیدى ژن سازکردووە، کە کێبڕکێ لەسەر هەشت کوورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، لە وۆرکشۆپەکەدا یاسای هەڵبژاردن و دەرکەوتنی میدیایی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی کەسی و ڕێکارەکان و دابەشکردنی کورسی و دابەشکردنی پشکەکان باس کرا، هەموو ئەم کارانە بۆ بەرژەوەندی کاندیدەکانە.

 

باسی لەوەشکرد، ئەم وۆرکشۆپە سوودێکی زۆری هەبوو بۆ کاندیدەکان بەتایبەت کاندیدە نوێیەکان، بەشی ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای ڕۆژئاوا ئامادەبوون بۆ بەشداریکردن لەم وۆرکشۆپەدا.

 

لە کۆتایدا وتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی بەرچاو دراوە بۆ دەستەبەرکردنی وۆرکشۆپێکی لەو شێوەیە، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ژنان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.