لە نێوان جەنگ، سەرکوتکاری و قەیرانی ئابووریدا... خۆکوژی ئاوێنەی قەیرانی کۆمەڵگەی ئێران
پەرەسەندنی فشارە ئابوورییەکان، نەبوونی ئاسایشی سیاسی، جەنگ و سەرکوتکاری، کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو قەیرانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پاشەکشەپێکراو بردوە؛ بارودۆخێک کە بە وتەی پسپۆڕان، دەکرێت ببێتە هۆی قورسترکردنی بێهیوايي و ماندووبوونی دەروونی.
زیلان ئەتمایی
ورمێ ـ مردنی جەستەیی زۆرجار پێش خۆی، دۆخێک لە مردن لەناو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، فەرهەنگ، ڕەوشت و هتددا دروست دەکات، خۆکوژی دیاردەیەکی فرە هۆکارە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئێراندا زیاتر لەژێر کاریگەریی دۆخی سیاسی و ئابووریدایە، ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان، بەتایبەت ئەو کوشتارانەی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا ڕووی دا، لەگەڵ جەنگ و سەرهەڵدانی فشاری ئابووری، بوونە هۆی دروستبوونی شۆکی دەروونی و هەستی کۆمەڵەی ئاڵۆز لەناو کۆمەڵگەدا.

ئاماری پەرشوبڵاو و کێشەی نهێنیهێشتنەوە
دۆزینەوەی ئاماری ڕاست و ورد لە ئێراندا نزیکە لە ئەستەمەوە، نهێنیهێشتنەوەی ئامارەکان لە دەیەی ڕابردوودا وای کردووە کە ڕاستیی زۆرێک لە قەیرانەکان، لەوانەش خۆکوژی، بە ڕوونی دەرنەکەوێت، بەپێی بەڵگەبەردەستەکان، ئامارە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکان دوورن لە ڕاستییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێداچوونەوە بەو ئامارانەی کە لەلایەن دامەزراوە جیاوازەکانەوە ڕاگەیاندراون دەردەخات کە حاڵەتەکانی خۆکوژی لە ئێراندا لە دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە ٧٠٪ی بەرز بوونەتەوە.
ئایلار. م، کە توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە، خۆکوژی بە قەیرانێکی پەرەسەندوو پێناسە دەکات و وتی: حاڵەتەکانی خۆکوژی لەناو سەرجەم توێژەکانی تەمەندا تەنانەت منداڵانیش دەبینرێن، بەڵام لەنێو ژناندا باوترە، لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک سەرچاوەی خۆجێی لە نەخۆشخانە و کلینیکەکانی پارێزگای ورمێ، سەرچاوەکان ئەوەیان ڕوونکردەوە کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ هەوڵی خۆکوژی بە تێکڕا تۆمار دەکرێن، لە کاتێکدا تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی خۆکوژییەوە تۆمار کراون، ئەم ئامارانە نیشاندەری مەترسیداری ڕوودانی قەیرانێک دەن.
ناڕەزایەتییەکان و شۆکە کۆمەڵییەکان لە چەقی کۆمەڵگەدا
حاڵەتەکانی خۆکوژی دەکرێت بەهۆی شۆکی کۆمەڵایەتییەوە بن، ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٦، پچڕانی ئینتەرنێت و نەبوونی سەقامگیری لە بوارە جیاوازەکانی ژیان لە ئێراندا، وەک نموونەی ئەو ڕووداوانە هەژمار بکرێن کە دەبنە هۆی شۆک.
نارین. ک، پسپۆڕی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی، ڕوون دەکاتەوە کە شۆکی دەروونی لە ئێراندا ئاڵۆز و بەردەوامە، لە دۆخێکدا کە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دانیشتووان، لە سەرووی هەموانەوە ئاسایش و خۆراک، لەژێر فشاری ئابووری و سیاسیدا بەرەو زیادبوون دەچن، هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە دەسەڵات دەکرێت تاکەکان ڕووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی ئەم پێداویستییانە بکاتەوە، تەنانەت هەڕەشە لە ژیانیان بکات، ئەمەش وای لێدەکات کە هەستی ترس و مەترسی ببێتە دۆخێکی بەردەوام و بەفراوان بڵاوکراوە، زۆر کەس ئیتر دەزگا یان لایەنە فەرمییەکان بە سەرچاوەی پشتگیری نابینن، بەڵکو هەست دەکەن بە تەنها ڕووبەڕووی قەیرانەکان بوونەتەوە، دەسەڵاتدارانیش لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربڕینی ئازارەکانیان دەوەستنە دژیان.
کاریگەریەکانی کوشتاری خوێناویی کە ٢٠٢٦ بەخۆیەوە بینی، بە یەکێک لە پرسە دیارەکان دەزانێت کە کاریگەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی جێهێشتووە، تەنانەت ئەو کەسانەش کە بەشدار نەبوون ڕاستەوخۆ لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکرێت بە شێوەی دەروونی کاریگەر ببن بەم ڕووداوە، چونکە مێشکی مرۆڤ هەمیشە سنورێکی ڕوون دانانێت لە نێوان ئەوەی کە بە تاک ڕوودەدات و ئەوەی کە ڕوودەدات بۆ ئەو کەسانەی کە هەست دەکات لێیان دەچن یان سەر بە کۆمەڵگەکەیانن، لە ئەنجامدا، هەستی بێهیوایی و بێدەسەڵاتی کە دوای کوشتارێکی بەرفراوان دێتە ئاراوە دەکرێت زۆر وێرانکەر بێت، کاریگەرییەکەی بگاتە ئەوەی لە هەندێک حاڵەتدا مەترسیی خۆکوژی زیاد بکات.
جەنگ و نەبوونی سەقامگیریی ئابووری
کیمیا. د، کە ژنێکە و وتەکانی دەکرێت بەشێک لەو هەستانە ڕەنگدانەوە بکات کە زۆرێک لە تاوەکانی کۆمەڵگە دەژین، لەم بارەیەوە وتی: جەنگ نیگەرانیی زۆر دروست دەکات، بەڵام دوای ناڕەزایەتییەکان نەمتوانی بە وردی هەستەکانم دیاری بکەم، دڵخۆش بووم کە سیستمی دیکتاتۆریم لە دۆخێکی لاوازدا بینی، بەڵام نەبوونی پشتگیری، جەنگ، تەنانەت ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ژیانمان دەکەن، نیگەرانییەکەی چەندین هێندە زیاد کرد. تاکە هیوای گۆڕانکاری ئەوە بوو کە وامان لێدەکرد خۆڕاگر بین بەڵام ئێستا، لەگەڵ بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا و پەرەسەندنی ناڕوونی، ئیتر هیوایەکی ئاسان نییە، بەتایبەت کە قەیرانە ئابوورییەکان زۆر خراپتر لە هەر کاتێکی تر لێهاتوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا، لە ناو چیرۆکە تاکەکەسییەکان و وتەی پسپۆڕاندا وێنەی کۆمەڵگەیەک دووپات دەبێتەوە، کە ڕووبەڕووی قەیرانی هاوکات و ماندوو بوو بووەتەوە؛ لە نەبوونی ئاسایشی سیاسی، ئابووری و جەنگەوە، تاوەکو سەرکوتکاری و نەبوونی سەقامگیری و ناڕوونی داهاتوو، خۆکوژی ناکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ تەنها یەک هۆکار، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم فشارانە دەکرێت، لە ڕێگەی زیادبوونی بێهیوايي، ماندووبوونی دەروونی و لاوازکردنی تۆڕەکانی پشتگیریی کۆمەڵایەتییەوە، ببنە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی خۆکوژی.
هەروەها مانەوەی ئامارەکان بە شاراوەیی و سنووردارکردنی دەرفەتی گفتوگۆکردن لەسەر ئەم دیاردەیە خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە سەرکوتکاری و بەردەوامبوونی قەیرانەکە؛ قەیرانێک کە بە چارەسەری تاکەکەسی بە تنێ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییە لە سەرجەم ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەدا.