لە نێوان ٢٥ پێوەدانی هەنگ و کۆچەریی کوێستانەکاندا؛ چیرۆکی دڵبەند

"کارێکی قورسە بەڵام کاتێک لێی ڕاهاتی خۆشە"، ئەمە گوزارشتی دڵبەند ڕەفیقە، هەنگەوانی دانیشتووی گوندی تۆپزاوا لە کۆیە. پاش ٢٥ ساڵ لە کارکردنی بەردەوام لەم بوارەدا، ئێستا نەک هەر لە بەخێوکردنی هەنگەکان، بەڵکو بۆ ساغکردنەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبین.

شلێر کۆیى

 

 کۆیە_ دڵبەند رەفیق، دانیشتوى گوندى تۆپزاوایە، لەگەڵ خێزانەکەى ٢٥ ساڵە کارى هەنگەوانى دەکەن،  بەوکارەیان دڵبەند بژێوى ژیانیان دابین دەکەن، هاوکات رۆژانە کاتەکانى دواى کارى ماڵەوە و منداڵ بەخێوکردن لەگەڵ هەنگەکان بەڕێدەکات، لەکۆنەوە داپیران و باپیرانیان هەرکارى هەنگەوانیان کردووە، ئێستاش هەر لەسە ڕێچکەى ئەوانن، کارەکەی سەرەتا  لە کڕینی هەندێک هەنگەوە دەستیپێکردووە، دواى وردە وردە پەرەیان پێداوەو بەردەوامن.

 

دڵبەند ڕەفیق قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لەمانگى دوو "شوبات" ئێمە هانى هەنگەکان دەدەین هەنگوین دروست بکەن، رۆژانە دێمە ناویان پێداویستى  ئاویان بۆ دابین دەکەم تا وەرزى بڕینەوە، مانگى تەمووز دەست دەکەین بەبڕینەوەیان و ئامادەى دەکەم و دەى خەینە ناو قاپەکان و ودەى کێشم تا ئامادەبێ بۆ فرۆشتن, پاشان ئەو هەنگانە دەبەینە کویستانان گەرمیان وکوێستانیان پێدەکەین چونکە لێرە وەرز گەرم دەبێت، لە کوێستانێ بەهار دەستپێدەکاتەوە شیلەى گوڵەکان دووبارە دەبنەوەو دووبارە لەوێ هەنگەکانمان هەنگوین درووست دەکەن، تا مانگى نۆ "ئەیلوول" دەیان هینینەوە کۆیە.

 

دڵبەندی هەنگەوان نەشیشاردەوە کە بەخێوکردنى هەنگ زۆر کارێکى قورسە و بەهەموویان سەرقاڵى هەنگەکانن رۆژانە، لەگەڵ ئەوەشدا کارێکى خۆشە  کە لێى راهاتیت، ئەوەى زۆر ناخۆشە کاتێک هەنگەکان توشى نەخۆشى دەبن و دەرمانى باش نییە و لایەنى پەیوەندیدار هیچ هاوکار نییە لەدابینکردنى پێداویستسەکان،

 

"هاوردە کردنى هەنگوینى دەرووە زیان بە هەنگوینى سروشتى کوردستان دەگەیەنێت"

سەبارەت بە  ئاستەنگیەکى دیکەی بەردەم کاری هەنگەوانی دڵبەند ڕەفیق وتی: کاتى ساغ کردنەوەیان گرفتە، دەبینى هەنگوینى ئێران وڵاتان دێت کیلۆى بە پێنج هەزارە، کە هیچ کوالیتیان باش نییە، هەنگوینى کوردستان باشترین هەنگوینە، چونکە گوڵ و گوڵزارمان زۆرە، ئێمەش گەر بە ٢٥هەزاریشى بدەم پارەى مایەى خۆى ناکات، بۆیە پێویست هاوردەکردنى ئەو جۆرە هەنگوینانە رابگرن چۆن دەبێت کیلۆى بە پێنج هەزار بێت، گەر هەر خراپ بێت یان شکر بێت.

 

رۆژى ٢٥ جار میش پێوەى داوە

تا چاوپێکەوتنەکەمان تەواو کرد  چەند جار میش هێرشیان بۆ دڵبەند هێنا ناچار لەناوباغى هەنگەکان هاتینە دەرەوە، دڵبەند وتی: رۆژ هەیە ٢٤ یان ٢٥ هەنگ پێوەى داوم بەڵام هیچم لێنایەت، ڕاهاتووین هەموومان تەنیا یەک لە منداڵەکانم نەبێت بە هەنگ توشى هەستیارى دەبێت، ئەگەرنا ڕاهاتووین وهەموو دەم مێشەکان دێنە ناو ماڵمان و کە میوانمان بێت پێوەیان دەدات، چونکە مێش رقى لە جلى رەشە و جارى وایە توڕە دەبن کە دەچیە ناویان، یان باڵندەیەک بەناویاندا بڕوات هاردەبن وتوڕە دەبن و بەرگرى دەکەن لەخۆیان، هەرچەندە ئەو جۆرى مێشەى ئێمەى پێى دەوترێت "مێشى کارمیکایە" زۆر فەقیرن چونکە مێش رەچەڵەکیان زۆرە هەریەکەو جیایە بە پێى شوێنى جوگرافیان تامى هەنگوینیش دەگۆرێت.

 

"سەلیقەى لەسەر بێت بە پێچەوانەى ئەوانەى دەڵێن ژن هیچى پێ ناکرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا دڵبەند ڕەفیقی هەنگەوان وتیشى: نەک هەر لەبەخێوکردن هاوکارى هاوژینەکەمم لە ساغکردنەوەشى لە ڕیگاى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانم و لەڕێگاى ئەکاونتەکانم هەنگوینەکانم دەفرۆشم و بۆ هاوڕێکانمی دەبەم، ئەوانیش زۆر هانم دەدەن بۆیە بەراى من ژنان توانایان زۆرە گەر سەلیقەى لەسەر بێت، بە پێچەوانەى ئەوانەى دەڵێن ژن هیچى پێ ناکرێت، بەڵکو ئێمەى ژنان لە پیاوان بە سەلیقەترین لە ئیشەکان بەتایبەت لە ئیشى قورس وەک ئیشى هەنگەوانى کە زۆر قورسە.