لە ڕەنجی دەربەدەرییەوە بۆ زەلیلی گەڕانەوە؛ چیرۆکی ژنێکە کە لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان ئاوارە بووە

لە خاکێکدا کە شەڕ و هەژاری مرۆڤ ناچار دەکات ئاوارە بێت،کۆچکردن دەبێتە هەڵبژاردەیەکی تاڵ و زۆرەملێ بۆ مانەوە، شەکیلە محەمەدی، دایکی چوار منداڵە، ئازارەکانی لە گەشتە نەخوازراوەکەیدا بۆ ئێران و ئەو هەڵاواردن و پەراوێزخستنەی کە لەوێ ڕووبەڕووی بووەتەوە باسکرد.

بەهاران لەهیب

 

کابول-کۆچ ووشەیەکە کە هەڵگری تاڵیی و ڕق و کینە بۆ کەسانی وەک ئەفغانیەکان کە ساڵانێکە بەدەست شەڕ و هەژارییەوە دەناڵێنن، بۆ چەندین سەدە مرۆڤ ناچار بووە زەوی و زارەکانیان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەم تەڤگەریانە هەمیشە پڕ بوون لە لەدەستدانی ماڵ و نیشتمان.

 

بۆ ئەوانەی کە کۆچکردنیان بە پلەی یەکەم بەهۆی شەڕەوە بووە، هەرگیز هەڵبژاردن نەبووە؛ کۆچێکی زۆرەملێی بە ئازار بوو، گەلی ئەفغانستان جگە لە ئازارە بێکۆتاکانیان، بە قووڵی هەستیان بە ئازار و زەلیلی کۆچ کردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە ئازاردان.

 

زیاتر لە چوار دەیە شەڕ و گەندەڵی و نادادپەروەری و فەرمانڕەواکانی وابەستە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان ئەفغانی لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لەو کۆچبەرانە ساڵانێکە لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و پاکستان ژیاون و تەنانەت هەندێک خێزان هاوسەرگیریان لەگەڵ یەکتر کردووە.

 

بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانستان پەرەی سەندووە، لە ئێران و پاکستان دەسەڵاتداران بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکان و بە توندوتیژی خێزانەکانیان دەرکردووە و بە زۆر سنوورەکانیان بەزاندووە، هەموو کۆچبەرێک چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری گەڕانەوەی زەلیلانەی هەیە کە لەگەڵ حکومەتەکانی وڵاتانی میوانداریان کەوتووەتە گوێی کەڕ و حکومەتی ئەفغانستان توانای ساڕێژکردنی برینەکانیان نییە.

 

جگە لە سەرکوتکردنی فەرمی، هەندێک تاک سوودیان لەو ئاژاوەگێڕییە وەرگرتووە کە ڕووبەڕووی کۆچبەران بووەتەوە و حەقدەستیان پێنەداوە، کرێی زۆریان سەپاندووە و خۆراکی خراپیان بە نرخێکی زۆر پێ دەفرۆشن.

 

لەنێو ئەم کۆچبەرانەدا چیرۆکی شەکیلە محەمەدی دیارە. ژنێک ماندوو و بێ هیوا، شەکیلە محەمەدی، دایکی چوار منداڵە، ساڵێک لەمەوبەر بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاوژینەکەم ناچاربووین ئەفغانستان بەجێبهێڵین، جگە لە جلوبەرگەکانی سەر پشتمان هیچی ترمان نەبوو، هەمووان دەیانوت ژیان لە ئێران باشترە، بەڵام نە خواردنی تەندروست و پەناگەیەکی سەلامەتمان پێنەگەیشت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوژینەکەم سەرباز بوو لە ئەفغانستان، بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا کاری بیناسازی دەکرد، دوای دوو مانگ چاوەڕوانی موچەی مانگەکەی وەرگرت، ڕۆژەکانمان بە سەختی بەسەر برد، لە خەباتدا بووین بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵەکانمان.

 

سەبارەت بەو هەڵاواردنەی کە لە ئێران ڕووبەڕووی بووەوە، وتی: نانێکی ڕۆژانەیان پێدەفرۆشین، چونکە دەیانزانی ئێمە ئەفغانیین، کاتێک بەقاڵیمان لە فرۆشگاکان دەکڕی، کاڵای ماوە بەسەرچوویان پێدەداین، ئێمەش هیچ ڕێگەیەکمان نەبوو جگە لە کڕینی، ئێمە بەرگەی هەژاریمان گرت، هاوکات لەگەڵ زەلیلبوون و بێڕێزیکردن.

 

دەربارەی گەڕانەوەی بۆ ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوژینەکەم لە شوێنی کارەکەی بووە کاتێک ئاگادارکرایەوە کە دەبێت ئێران بەجێبهێڵێت، ناچار بووین هەموو ئەو شتانەی کە بە زەحمەت لەوێ پاشەکەوتمان کردبوو بەجێبهێڵین و بگەڕێینەوە، لەکاتی گەڕانەوەماندا تووشی هەڵسوکەوتی باش و خراپ بووین، بەڵام خراپترینیان زیاتر بوو، جارێکیان، بۆ ماوەی چەند ساتێک لە پارکێکدا دانیشتین و هەوڵی کۆکردنەوەی پارەمان دەدا بۆ بەکرێدانی ئۆتۆمبێل، کاتێک هەندێک ژنی ئێرانی هاتن و لە پارکەکە دەریانکردین و سوکایەتییان پێکردین و لێیانداین.

 

وتیشی: هەرچەندە ڕاگەیاندنەکانی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشتگیری کۆچبەران دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونیان، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، تەنها کەسانی باش و ڕێکخراوەکان هاوکاری دەکەن، تاڵیبان هەوڵی داوە دەست بەسەر ئەم هاوکارییە بگرێت.

 

ئەو بەردەوام بوو لە باسکردنی قۆناغی گەیشتن و وتی: کاتێک گەیشتینە سنوور، دڵخۆش بووین کە ئۆتۆمبێلێکمان هەبوو بۆ ئەوەی بمانباتە شوێنی مەبەست، بەڵام تەنها ئێمەی بردە هیرات، ڕێگاکەی کە ماوبوو بە برە پارەیە تەواومان کرد کە  لەلایەن هەندێک کەسی یارمەتیدەرەوە بۆ تەواوکردنی گەشتەکە دابین کرابوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەنیشتمان ژنێک هەبوو سێ منداڵی هەبوو و هەروەها دووگیان بوو، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین، دەستیکرد بە هاوارکردن کە خەریکە منداڵی دەبێت، بەڵام کەس گرنگی پێنەدا، لە بیابان منداڵی بوو، منداڵە تازە لەدایکبووەکەیشی مرد، سێ منداڵەکەی دیکەی لەناو قەرەباڵغییەکە ونبوون لەبەرئەوەی چوار منداڵەکەم لەگەڵم بوون، نەمتوانی یارمەتی بدەم، لەگەڵ خێزانەکەمدا هاتم، تا ئێستا چارەنووسی ئەو ژنە نازانم.

 

کۆچی زۆرەملێ بۆ ئەفغانییەکان تەنیا بە واتای جێهێشتنی زێدی خۆیان نییە؛ ئەزموونێکە پڕە لە ئازار و زەلیل و برسێتی و نائاسایشی، چیرۆکەکانی وەک چیرۆکی شەکیلە محەمەدی تەنیا یەکێکە لە هەزاران چیرۆک، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانیەکان نابێت لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریانە بێدەنگ بن، ئەفغانییەکان شایەنی ڕێز و پشتیوانی و کەرامەتی مرۆڤن، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە.