لە ناو کۆچبەرانی شەهباو تل ڕەفعەتدا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان هەیە
کۆچکردن لە شەهباو تل ڕەفعەتەوە بەهۆی هێرشەکانەوە، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکانی دەستیپێکردووە. شارەزایان دەڵێن، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە دەکەن.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- بەهۆی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە، گەمارۆدانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا، سەدان هەزار کورد و عەرەب ناچاربوون کۆچ بکەن، ئەم کۆچکردنە بۆ هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، لە بارودۆخی سەختی سەر ڕێگاوبانەکان و سەرمای زستاندا چەندین نەخۆشی بە تایبەت لە ژنان منداڵاندا دەرکەوتن. لەم پرۆسەیەدا چەندین نەخۆشی دروست بووە و مەترسی ئەوە هەیە زیاتر بڵاوبێتەوە.
ئایشە ئەڤدۆ خەڵکی شێراوایە، بەهۆی هێرشی توندەوە ڕووی لە شەهبا کردووە و دواتر کە دۆخەکە سەختتر بووە، ناچار بووە ڕوو لە کانتۆنی جزیرە بکات، ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی.
"منداڵان لەسەر ڕێگا بەهۆی سەرما گیانیان لەدەستدا"
ئایشە ئەڤدۆ ئاماژەی بەوەکرد تا گەیشتنە قامیشلۆ ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، زۆرێکیان نەخۆش کەوتوون و وتی: زۆرێک منداڵ بەهۆی سەرمای زۆرەوە گیانیان لەدەستدا، زۆربەمان لە ڕێگادا نەخۆش کەوتین، لەگەڵ ژیانی زۆرێک لەمانەی کە پێکەوە دەژین، مەترسییەکان زیاتر دەبن، دەبێت جیابوونەوەیەک هەبێت.
"ئێستا نازانین بۆ کوێ بچین"
ئایشە ئەڤدۆ لە هەموو جیهانی پرسی 'بۆچی ئەم فەرمانە بەسەر ئێمەدا هات؟' ئێمە دەمانەوێت بە ئارامی بژین و شەڕ کۆتایی پێبێت، ئێمە دەڕۆین، دوژمن بەدوای ئێمەدا دێت، ئێستا نازانین بۆ کوێ بچین، چونکە هیچ شوێنێک نییە، چەند جار دەرکراین؟"
بنکەیەکی تەندروستی بۆ چارەسەری نەخۆشەکان
دەستەی تەندروستی کانتۆنی جزیرەو فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی ڕۆژئاوا بنکەیەکی تەندروستییان لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادار لە شاری قامیشلۆ دروستکرد، هەروەها ئەم ناوەندە بۆ هاوکاری و چارەسەری نەخۆشەکانە، پزیشک شۆرەش عوسمان پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنانە و ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بنکەی تەندروستیدایە بۆ ئەوەی هاوکاری بکات، جەختی لە بارودۆخی تەندروستی کۆچبەران کردەوە و وتی: هەموومان خزمەتگوزاری فریاگوزاری سەرەتایی و چاودێری سەرەتایی پێشکەش دەکەین،ئێمە هەموو جۆرە پشکنینێک دەکەین جا ژن، منداڵ، پیاو و بەتەمەن بن، کاتێک دەتوانین هاوکاری دەرمان دەکەین، ئەگینا دەیاننێرین بۆ نەخۆشخانەکان، باوترین حاڵەتەکان کە لە منداڵاندا دەیبینین بریتین لە هەڵامەت، هەروەها حاڵەتەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵە زۆرن، زۆرجار کەسانی بەتەمەن بەدەست بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە دەناڵێنن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەک ژنی دووگیان هەن کە ئێمە چاودێری بارودۆخیان دەکەین. تا ئێستا دوو ژن لای ئێمە منداڵیان بووە.
"نەخۆشی پێست سەرهەڵدەدات"
شۆرەش عەسمان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەختی بارودۆخی کۆچبەران، ئێستا نەخۆشیی پێست لەناو کۆچبەراندا دەردەکەوێت. ئەو نەخۆشیانەی پێست کە زۆرتر لێیان دەترسین، بریتین لە نەخۆشییە درمیەکان و هاری و مێرووەکان، بەهۆی ئەو سەختییەی کە تووشی بوون و مانەوەیان لەسەر ڕێگاکان بەبێ پاککردنەوە، ڕێگەیان بە نەخۆشەکان دا بڵاوببنەوە، کاتێک بە کۆمەڵ کۆدەبنەوە، نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو دۆخانە بەسەر ئێمەدا هاتووە و هەوڵدەدەین لەڕێگەی دەرمانەوە کۆنترۆڵیان بکەین.
"بۆ گەل ببنە هاوکاریکار"
شۆرەش عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانن ل٦٠%ی مەرجەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی کۆچکردن، داوای هاوکاری گشتی لە سەرجەم نەخۆشخانەکان و پزیشکانی پسپۆڕ دەکرێت، بانگەوازی بۆ هەموو لایەک کرد و وتی: دەرفەتەکان لێرە باشن و تا ئێستا هیچ بارودۆخێکی جددی نەبووە، بەڵام هەندێک نەخۆشی هەن پێویستیان بە کۆنتڕۆڵکردنی زۆر هەیە، هەندێک جار بارودۆخی سەخت ڕوودەدات، هەر بۆیە پێویستە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر گەلەکەی و یارمەتیان بدات.