لە مەخموور هۆزان مزگین بەبیرهێندرایەوە
لە ٣٤هەمین ساڵەی شەهیدبوونی هونەرمەند و فەرماندەی پێشەنگ هۆزان مزگین، لە کامپی پەنابەرانی مەخموور مەراسیمی بەبیرهێنانەوە بەڕێوەچوو.
مەخموور
بە پێشەنگایەتی تەڤ-چاند و ستێرا زێرین، هۆزان مزگین "گوربەت ئایدین" لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بەبیرهێندرایەوە.
مەراسیمەکە کە بە بەشداریی گەل لە دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوەچوو، بە خولەکێک بێدەنگی دەستیپێکرد. دوای بێدەنگییەکە، لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتار باسی لە واتاو گرنگی ئەو ڕۆژە کرد.
"ئێمە درێژە بە خەباتی شەهید مزگین دەدەین"
لەیلا ئارزو ئیلهان لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە هۆزان مزگین بە هونەرو پێشەنگایەتی خۆی ڕێگای بۆ ژنانی کورد نیشان داو وتی: ئەگەر ئەمڕۆ بوونی ئێمە وەک گەلێکی کورد مسۆگەر بووبێت، ئەوە لە سایەی ڕەنجی شەهیدانەوەیە، ئێمە بە میراسی شەهیدان خەبات بەردەوام دەکەین، لەو ساڵانەی کە کوردبوون وەک شتێکی شەرمەزاری و بێکەرامەت سەیر دەکرا، هونەرمەند و شۆڕشگێڕ هۆزان مزگین توانی بە گۆرانی و هەڵوێست و خەباتی خۆی ئیلهام بەخش بێت بۆ هەزاران گەنج لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات. ئەو خەباتەی ئەمڕۆ بەڕێوەی دەبەین، ژنانیش پێشەنگایەتی دەکەن. دەرئەنجامی کاری هەزاران شەهیدە کە یەکێکیان هۆزان مزگینە. ئێمە وەک ژنی کورد قەرزاری ئەوانین.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەوان وەک ژنی کورد تا کۆتایی شوێن پێی هۆزان مزگینی نەمر دەگرن و درێژە بە خەباتەکەی دەدەن.
دوای وتارەکە ئەندامانی ستێرا زێرین و تەڤ-چاند گۆرانییان وت و یادەکەش بە گۆرانیی نەمر کە بۆ هۆزان مزگین وترا کۆتایی هات.