لە مەغریب وۆرکشۆپێک دەربارەی چارەسەرکردنی توندوتیژی لەڕاگەیاندنەکاندا ئەنجامدرا
لە مەغریب توندوتیژی دژی ژنان تا بێت زیاد دەکات، سەرۆکی دەزگای باڵای پەیوەندییە بیستراوەکان، میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگا.

مەغریب
ئامار و توێژینەوەکان دەریدەخەن کە توندوتیژی دژ بە ژنان لە مەغریب تا بێت زیاد دەکات، ئەمەش ترسی لای زۆرینەی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دروست کردووە.
بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی چوارشەممە ١کانوونی یەکەم سەرۆکی دەزگای باڵای پەیوەندییە بیستراوەکان، لە وۆرکشۆپێکدا توێژینەوەیەکی لەسەر چارەسەری میدیایی کێشەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاگەیاند.
لەتیف ئەخرەباش، لە وۆرکشۆپەکەدا وتی: "دەبێت لێپرسینەوە لە ئەزموونی کۆمەڵ و دەرئەنجامی هەوڵەکان بکرێت، بۆ بەهێزکردنی بەشداری میدیا لە پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی مافەکانی ژنان و هەروەها دامەزراندنی کلتورێکی یەکسانی".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە کێشەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و هۆکارە سەرەکییەکانی بخرێتە ڕوو، پێشیوایە کە میدیا توانایەکی گەورەی هەیە بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەسەر حاڵەتەکانی توندوتیژی ژنان، وتیشی: "مامەڵەکردنی میدیایی لەگەڵ کێشەیەکی ئاڵۆزدا وەک توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە پابەندبوونی ڕۆشنبیری بەرپرسیارانە و هەروەها هۆشیارکردنەوەی تایبەت بە پیشەیی هەیە".
وۆرکشۆپی چارەسەری میدیا لەسەر کێشەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا.