لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ ژن لە تونس کوژران

کوژرانی ژنێک بە چەقۆ لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە تونس، خەڵکی تووشی شۆک کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەواڵەکان دەڵێن: توندوتیژی دووبارە بەرامبەر زیانبەرکەوتووەکە دەکرێت. ئەم ڕووداوە سێیەمین کوشتنی ژنێکە لە ماوەی یەک هەفتەدا.

تونس

 

کوشتنی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە ٣ی ئایار لە تونس، خەڵکی تونسی تووشی شۆک کردووە، بەتایبەتی بە وتەی شایەتحاڵەکان، ناکۆکییەکە تەنها لە هۆکاری داراییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نرخەکان لە تونس بەرزبوونەتەوە و بێتوانایی خێزانەکان لە دابینکردنی خەرجییەکان، بەتایبەتی کاتێک نزیک دەبینەوە لە جەژن و ئاهەنگەکانی وەک جەژنی قوربان کە تێچووی زۆری دەوێت.

 

بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، هاوژینەکە دوای ئەوەی بە چەقۆ لە ژنەکەی داوە، هەڵاتووە، داوای خزمەتگوزاری فریاکەوتنی کردووە. بەڵام کاتێک گەیشتوون ئەو ژنە گەنجە گیانی لەدەستدابوو.

 

خوشکەکەی بە دەزگایەکی میدیایی ڕاگەیاندووە، کە زاواکەیان پێشینەی توندوتیژی توندی بەرامبەر زیانبەرکەوتووەکە هەبووە، بەڵام لە پێناو منداڵە بچووکەکەیدا بەرگەی گرتووە و خۆی لە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە یاسای ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەدوور گرتووە.

 

ئەمەش سێیەمین کوشتنی ژنێکە لە ماوەی یەک هەفتەدا. کۆمەڵەی دەنگی ژنان یەکەم تاوانی بڵاوکردەوە، کە ٢٧ی نیسان لە پارێزگای تتاوین لە باشووری تونس ڕوویدا. لەو ڕووداوەدا، گەنجێک خوشکەکەی لەناو ماڵی خێزانەکەیان کوشتووە و دواتر دەستدرێژی دەکاتە سەر دایکی کە ئێستا لە چاودێری چڕدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

 

تاوانی دووەم ٢٩ی نیسان تۆمارکراوە.

لە ناوچەی بێنی خداش لە پارێزگای مدنین دایکێک لەلایەن کوڕە بچووکەکەیەوە کوژرا. دەنگی ژنان لە ماڵپەرەەکەیاندا بڵاویانکردەوە، کە ماڵ چیتر شوێنێکی پارێزراو نییە بۆ ژنان لە ژێر ڕۆشنایی بێدەنگی و شکستی دەوڵەت لە پاراستنی ژنان.

ژنان پرسیاریان کرد، تاکەی ئەم خوێنڕشتنە بەردەوام دەبێت؟ تا کەی ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا دەکوژرێن؟ تا کەی ئەم بێدەنگی و ئاساییکردنەوەی توندوتیژییە بەردەوام دەبێت؟