لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٦ هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە یەمەن ئاشکرای کردووە کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی ١٦ هەزار کەس ئاوارەبوون بەهۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەمەش کۆی گشتی ئاوارەکانی ناوخۆ لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٤٣ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی ئاوارەبوونی ناوخۆی یەمەن لە پێشەنگی لیستی خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهاندایە، بەجۆرێک کە چەندین ساڵە ململانێی بەردەوامی هەیە و ملیۆنان کەسی ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن بۆ گەڕان بەدوای پارێزراویدا، لەکاتێکدایە کە بودجەی پلانەکانی بەرپەرچدانەوەی مرۆیی نێودەوڵەتی کەمبووەتەوە.

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونی لە یەمەن بڵاوکردەوە، کە نزیکەی ١٦ هەزار کەس لە یەک هەفتەدا کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنییە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ماتریکسی بەدواداچوونی ئاوارەبوون (DTM)، ڕێکخراوەکە گواستنەوەی دوو هەزار و ٦٥٥خێزانی تۆمارکردووە کە لە ١٥ هەزار ٩٣٠ کەس پێکهاتوون بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناوخۆی وڵات لە نێوان ١ بۆ ٧ی تشرینی دووەم.

 

لە داتاکاندا دەرکەوتووە کە شاری لاحج لە پێشەنگی لیستی ئەو ناوچانەدایە کە زۆرترین ئاوارەیان وەرگرتووە، کە میوانداری هەزار و ٣١٣ خێزانی کردووە، لە دوای ئەویش تەعز بە ٧١٦ خێزان و دواتر عەدەن بە ٢٤٨ خێزان، سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆیشتن، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەعز زۆرترین ژمارەی ئاوارەکانی تۆمار کردووە بە هەزارو ٢٤٢ خێزان، لە دوای ئەویش لە لاحج بە هەزار و ١٤٢ خێزان، هاوکات ١٦٧ خێزان حودەیدەیان جێهێشت.

 

کۆی گشتی ئەو خێزانانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانەوە تۆمارکراون گەیشتووەتە ٥٧ هەزار و ٣١٧ کەس، کە یەکسانە بە ٣٤٣ هەزار و ٩٠٢ کەس، ئەمەش زیاتر تیشک دەخاتە سەر قەبارەی ئاوارەبوونی ناوخۆیی کە لە ئەنجامی قەیرانی بەردەوامەوە دروست بووە.