لە ماوەی ساڵێکدا بەهۆی پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییەکانەوە ٦٣٦ژن و ٤٦٣ منداڵ لەسووریا کوژراون

دوای ساڵێک لە دەستێوەردانی هەتەشە، ڕاپۆرت و باڵانسی ئەو کار و پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن چەتە جیهادییەکانەوە ئەنجامدراون بڵاوکرانەوە، کە بەگوێرەی ئەو داتایانەی هاوبەش کراون، هەشت هەزار و ٤٢٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە ٦٣٦یان ژن و ٤٦٣ منداڵن.

 

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ-  جیهادی هەتەشە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، لە ژێر ناوی حکومەتی گوازراوە سووریا بەڕێوە دەبات، بەپێی باڵانسی یەک ساڵەی ئەو چالاکییانەی کە هەتەشە لە سووریا ئەنجامی داوە، داهاتوویەکی مەترسیدار لە ئارادایە.

 

هەتەشە کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ جموجۆڵی خۆی بۆ دەستوەردان لە حکومەت لە سووریا دەستپێکرد، لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە دەستی بەسەر حکومەتی سووریادا گرتووە، دوای ساڵێکی دوورودرێژ لە دەستێوەردانی هەتەشە، ڕاپۆرت و باڵانسی ئەو کار و پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن چەتە جیهادییەکانەوە ئەنجامدراون بڵاوکرانەوە و دۆخی سووریاش ڕوون بووەوە، بەگوێرەی ئەو داتایانەی هابەش کراون، هەشت هەزار و ٤٢٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە ٦٣٦یان ژن و ٤٦٣منداڵن، لە هەمان کاتدا ڕاگەیەندرا کە ١١٥ژنیش ڕفێنراون.

 

نادیە حسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی شێران سەر بە شاری کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بەم بابەتە هەڵسەنگاندنێکی کرد.

 

نادیە حسۆ کە هەڵسەنگاندنەکەی بە پێناسەکردنی بارودۆخی ئێستا دەستپێکرد، وتی: گەلی سووریا زیاتر لە ٥٠ ساڵە بەرەنگاری ستەم و حوکمڕانی ڕژێمی بەعس بووەتەوە و بۆ ژیانێکی ئارام و هاوبەش خەباتی کردووە، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس ساڵی ڕابردوو، هیوای هاوڵاتیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سووریا و ئامانجی دەستەبەرکردنی شۆڕش گەورەتر بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشهاتانەی ڕوویانداوە ئەوە نیشان دەدەن کە ئێمە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان بیرکردنەوە دەبینەوە.

 

"گروپی باندەکان بوون بە حکومەت"

نادیە حسۆ وتی: هەتەشە وەک حکومەت خۆی ڕێکخست، بەبێ ئیرادەی گەلی سووریا خۆی سەپاند بەسەر گەلەکەیدا لە بونیادنانی سووریادا، لەگەڵ ئەم ساتەدا ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە سەرەتا لە جەرگەی سووریا و دواتر لە سوەیدا ئەنجامدرا، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەو هۆشیارییەی ساڵانێکە شەڕی سووریا دەکات، جارێکی دیکە بووەتەوە فەرمانڕەوا و کارگێڕی هەتەشە وەک حکومەت گروپی باند و جیهادی ڕێکخست، گەلەکەمانی کوشت و سووریای بەرەو لەناوچوون برد.

 

نادیە حسۆ ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕوویانداوە لەبەردەم هاوڵاتیاندا ڕوویانداوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حکومەتە لەلایەن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە قبوڵ و پێشوازی لێکرا، نزیکبوونەوەی زلهێزە دەسەڵاتدارەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو زلهێزانە دەیانەوێت دەستدرێژی خۆیان لە سووریا بەم شێوەیە بپارێزن و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی سووریاوە بگۆڕن.

 

"سووریا ماندووە بەڵام زلهێزەکانی دەسەڵات ناوەستن"

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا، نادیە حسۆ باسی لەو کردەوانە کرد کە لە ژێر پەردەی بیروباوەڕی ئایینیدا ئەنجام دەدرێن و وتی: ئەو گروپە چەتانەی لە ژێر پەردەی شەریعەدا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن گەورەترین مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگەی سووریا، ئەوان منداڵان و ژنان و گەلان بە دروشمی "الله اکبر" دەکوژن و بەناودا تێدەپەڕن، ئەم کردەوانە عەقڵیەتی داعش ئاشکرا دەکەن، وتیان ئێمە سوننەین، بەڵام ئێمە چیین؟، ئێمە سوننەین، بۆچی دەمانکوژن و هەڕەشەمان لێدەکەن؟، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوونی ئەو گروپانە لە سووریا و ڕێکخستنەکەیان لەسەر ئاستی حکومەت تەنها بەڵایەک نابێت بۆ سووریا، بەڵکو لەسەر هەموو جیهان دەبێت.

 

نادیە حسۆ لەسەر هەمان تەوەر درێژەی دا و پرسیاری ئەوەی کرد، کێ سووریا وێران دەکات؟، گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانی و نەتەوەکانیەوە ماندووە، ئێمە لێرە باسی ١٤ ساڵ شەڕ دەکەین، ئەم گەلانە کە ساڵانێکە ژیانی خۆیان لەگەڵ یەکتردا هاوبەش کردووە، بوونەتە خزم و دراوسێ، بۆ ئێستا ئەم ڕق و کینە سەرهەڵدەدات؟، کێ پەرەی بە ئەم عەقڵیەتەی داوە کە وایکردووە مرۆڤەکان ببنە دوژمنی یەکتر؟، ئێمە زۆر باش پلان و یارییەکانی ئەو هێزانە دەزانین کە دەستدرێژی دەکەن سەر سووریا و نایانەوێت چارەسەرێک بەدی بێت.

 

"ئامارەکانی یەک ساڵ مەترسیدارن"

سەبارەت بە ئاماری بڵاوکراوە، نادیە حسۆ وتی: لەکاتێکدا کە چاوەڕوانییەکانمان لە لوتکەدایە، هەشت هەزار کەس کوژراون و ٧٠٠ ژن کوژراون و ڕفێنراون و ئەم ئامارە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت ، کە گەورەترین مەترسییە لەسەر داهاتووی سووریا، هەروەها هەموو هاوڵاتیانی سووریا دەیبینن و هەستی پێدەکەن.

 

نادیە حسۆ بە سەرنجدان بۆ ئەو بانگەوازانەی کە لە گەشەکردندان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات "قەسەدە"، وتی: لەناو ئەو دڕندەیی و کۆمەڵکوژییانەی کە ئەنجامدراون، داوای پاراستن بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات"قەسەدە" کرا، بۆچی ئەم داواکاریانە پەرەیان سەند؟، ڕوونە بەهۆی ئەو سیستەم و پڕۆژەیەی کە ساڵانێکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکارهاتووە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان پێکهاتە و باوەڕی جیاواز هەیە، هەمووان پێکەوە دەژین و هیچ ململانێیەک لە ئارادا نییە.

 

"حکومەتی ئێستا وەڵام نییە"

نادیە حسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار، بەم تێبینیانە لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا وتی: حکومەتی ئێستا وەڵام نییە کە ئەمەش بەس نییە بۆ داواکاری و بارودۆخی سووریا، تەنانەت دەتوانم بڵێم کە هەتەشە خۆی مەترسییە لە سووریا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نابێت گەل و گەنجان و ژنانی سووریا ئەم دۆخە قبوڵ بکەن کە بەسەریاندا دەسەپێندرێت، ئەگەر بەم دۆخەی ئێستای حکومەت قبوڵ بکەین، چیتر ناتوانین باسی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیکی و یەکسان بکەین، بە تایبەتی ژنان دەبێ هەڵوێستێکی جیاوازیان هەبێت چونکە ئەم شەڕە لەسەر حیسابی ئێمە دەکرێت، پێویستە سووربین لەسەر گۆڕینی سیستەمی سووریا و ئاوەدانی بکەینەوە.