لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٥ ژن لە ئەفغانستان کوژراون

لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٥ ژن لە ئەفغانستان کوژراون و بەهۆی ئەو هەلومەرجە ئەمنییەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دروستی کردووە، ئاماری ڕاستەقینەی کوشتنی ژنان ناتواندرێت دەست بکەوێت و ڕەنگە ژمارەکە زیاتر بێت لەوەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ژنانی ئەفغانستان جگە لەوەی بە ناچاری خۆیان دەکوژن و دەکوژرێن، ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە لەم دواییانەدا، بەهۆی کاریگەریی لافاو یان وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا ناڕێکەکان، زۆرێک لە ژنان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

 

توندوتیژی دژی ژنان لە ئەفغانستان بەردەوامە و ئامارەکانی کوشتنی ژنان ڕادەی ئەو توندوتیژییە نیشان دەدەن، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئامارەکان تەنها پەیوەندی بەو حاڵەتانەوە هەیە کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، چونکە بەهۆی ئەو هەلومەرجە ئەمنییەی کە تاڵیبان دروستی کردووە ئەستەمە دەست بە ئامارە ڕاستەقینەکان بگات.

 

ڕۆژی ٢٩ی نیسان، کەسانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر مزگەوتی ئیمام زەمان لە پارێزگای هەرات و بەو هۆیەوە ٥ کەس کوژران کە تێیاندا ژنێک و منداڵێک هەبوون، دوو ژنی دیکەش برینداربوون.

 

ڕۆژی ١ی ئایار، ژنێکی گەنج بە هۆی توندوتیژی خێزانی لە پارێزگای غەزنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ڕۆژی ١٣ی ئایار، ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی ناحیەی شیگالی سەر بە ویلایەتی کونار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ڕۆژی ١٥ی ئایار، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە شاری فەیزئاباد لە پارێزگای بەدەخشان لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

 لە ٢٠ی ئایاردا ژنێک لە مەزار شەریف لە پارێزگای بەلخ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.