لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵدا ١٥ ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی کوژران

لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، ١٥ ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی کوژراون و ١١ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون و ماڵی ١٢ ڕۆژنامەنووس بە تەواوی وێران بوون.

ناوەندی هەواڵ 

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ ٢٧ی نیسان بڵاوکرایەوە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە دژی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا بەڵگەدار کردووە. 

 

ڕاپۆرتەکە زنجیرەیەک تاوان و پێشێلکاریی دۆکیۆمێنت کردووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون، دیارترینیان کوشتنی ١٥ ڕۆژنامەنووس بووە، هەروەها کوشتنی ١٧ ئەندامی بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان، وێرانکردنی ماڵی ١٢ دەزگای ڕاگەیاندن بە مووشەک و برینداربوونی کوشندەی ١١ ڕۆژنامەنووسە. 

 

پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە ١٥ حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ماڵەکانیانەوە یان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ڕاپۆرتکردنیان. بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە، هەندێکی تریش دوای چەند ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک ئازادکراون، ٤٩هەڕەشەی کوشتن لە ڕۆژنامەنووسان بەڵگەدار کرا، بە بیانووی هۆشداری یان دەرکردن لە ناوچەکانی ڕاپۆرتکردن. 

  

لە ڕاپۆرتەکەدا بەڵگەی لەسەر ئەوە داناوە کە نزیکەی ١١٧ڕۆژنامەنووس کە زۆربەیان خەڵکی کەناری ڕۆژئاوا بوون، تووشی دەستدرێژی، سەرکوتکردن، یان ڕێگریکردن بوون لە ڕووماڵی میدیایی، بەتایبەتی لە شارەکانی قودس و جنین. 

 

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٦  حاڵەتی بەڵگەدار دەست بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنووساندا گیراوە و لەناوبراون، هاوکات ٣١ ڕۆژنامەنووس بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکڕێژی ژەهراوی تووشی خنکاندن بوون، جگە لەوەش ١٣ ڕۆژنامەنووس ئاگادارکرانەوە کە ڕووماڵکردنی ڕووداوە مەیدانییەکان قەدەغەکراون.