لە ماوەی ١٠ مانگدا ٧٦ کەس سزای ٢٣٣ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی میدیا و توێژینەوەی یاسا، لە ماوەی ١٠ مانگدا لە تورکیا هەزار و ٨٥٦ کەس دادگایی کراون کە ٣٦٦ ڕۆژنامەنووسیان تێدا هەبووە و ٧٦ کەسیش سزای ٢٣٣ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی میدیا و توێژینەوەی یاسایی "MLSA" ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە چاودێریکردنی ئازادیی قسەکردن و دۆسیەکانی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە، ئەم ڕاپۆرتە سەیری داتاکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی پەیامنێران دەکات لە نێوان ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ تا ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٤.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەو ماوەیەدا پێداچوونەوە بە ٢٨١ دۆسیەدا کراوە و ٦١٤ دانیشتنی دادگا بەڕێوەچووە، بە گشتی هەزار و ٨٥٦ کەس دادگایی کراون، کە ٤٦٪ چالاکی مەدەنی و ٢٠٪ خوێندکار و ١٩٪ ڕۆژنامەنووس بوون، ژمارەی چالاکوانانی دادگایی کراو ٨٦٠ کەس و خوێندکار ٣٧٦ و ڕۆژنامەنووس ٣٦٦ کەس بووە، هەروەها ٩٠ کەسی دیکەش کە خوێندکار و هونەرمەند و پارێزەر و سیاسەتمەداریان تێدایە، دادگایی کراون.
هۆکاری دۆسیەکان
تۆمەتەکان بریتی بوون لە "پرۆپەگەندە کردن بۆ گروپە نایاساییەکان" ٤٣ دۆسیە، "ئەندامبوون لە گروپە نایاساییەکان" ٤٣ دۆسیە و "پێشێلکردنی یاساکانی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی" ٤٣ دۆسیەو هەروەها ٣٣ دۆسیەی"سووکایەتیکردن بە فەرمانبەرانی حوکمی" و ٣٢ دۆسیەی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" تۆمارکراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ١٢٠ ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گروپێکی نایاسایی" دادگایی کراون، ڕۆژنامەنووسان زۆرترین پشکیان لە تۆمەتبارکردنی "پێکهێنان یان بەڕێوەبردنی گروپێکی چەکدار" بە ڕێژەی ٪٧٧.٨ هەبووە، هەروەها لە ناو ئەو ١٦٢ تۆمەتبارەی "پرۆپەگەندا بۆ گروپە نایاساییەکان"، ٪٣٤.٦ (٥٦کەس) ڕۆژنامەنووس بوون، لە حاڵەتەکانی وەک "لاوازکردنی یەکێتی نەتەوەیی" و "تۆمەتبارکردن"، هەموو تۆمەتبارەکان ڕۆژنامەنووس بوون.
لە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار"، لە کۆی ٦٣ تۆمەتبار ٢٤ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون، هەروەها لە نێو ئەو ١٠١ کەسەی کە تۆمەتبارن بە "سووکایەتیکردن بە فەرمانبەرێکی دەوڵەت"، ٣٨ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون. زۆرجار ئەم تۆمەتانە بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەکانی حکومەت بەکاردەهێنرێن.
لە کۆتاییدا لە کۆی ٤٠ تۆمەتبار بە "بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە" بەپێی "یاسای سانسۆر" ١٠ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون. زۆربەی ئەو دۆسیانە بەهۆی ئەو ماددانە تۆمارکراون کە لە کاتی چالاکییە پیشەییەکانی ڕۆژنامەنووساندا بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە فوشارەکانی دژی کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازاد کراوە، پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA)، لەوانە فورات جان ئەرسەلان، ئەسرا سۆلین دال، دەلال ئاکیوز، تۆلگا گۆنای و محەمەد ئەسلان، لەگەڵ سەرنووسەری ئەم ئاژانسی هەواڵی عەبدوڕەحمان گۆک و پەیامنێری ژن نیوز مەلیکە ئایدن، هەروەها پەیامنێران محەمەد شاه ئۆروچ، ئەردۆغان ئالایۆمات و حەمدوڵا بایرام ڕووبەڕووی دەستگیرکردن، زیندان، گرتن لە ماڵەوە و دادگاییکردن بوونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئایدن و گۆنای و ئاکیوز هێشتا لە ژێر دەستبەسەری ماڵەوەدان.
٢١ ڕۆژنامەنووس لە زیندان
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تا ئێستا ٢١ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان، لە نێو ئەو ٢٨١ دۆسیەی کە لە ساڵی دادوەریدا لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٣ تا ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٤ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، دادگا بڕیاری لەسەر ١٠٨ دۆسیە دەرکردووە، لە ٧٤ حاڵەتدا ٣٦٩ تۆمەتبار بێتاوان دەرچوون. بەڵام لە ٢٨ حاڵەتدا تۆمەتباران سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا کە کۆی گشتی ٢٣٣ ساڵ و ٤ مانگ و ١٤ ڕۆژ زیندانیکردنیان لەخۆگرتبوو، هەروەها لە ٥ حاڵەتدا سزای غەرامەکردنی ٥ کەسیان بە بڕی ٨٨ هەزار لیرە بەسەردا سەپێندراوە، لە دوو دۆسیەی یاسایی پەیوەست بە "پێشێلکردنی مافە کەسییەکان"، تۆمەتباران پێویست بوو بڕی ٣٧ هەزار و ٥٠٠ لیرە قەرەبوو بکەنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی گردبوونەوە و ئازادی ڕێکخستن لە تورکیا پێشێل دەکرێن، وەک ڕاپۆرتەکانی پێشوو، دەرەنجامەکانی ئەمساڵ دەریدەخەن کە زۆرێک لە نوسین و ناڕەزایەتی ئاشتیانە و پلاکارد و تویت و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بەهای یاسایییان نییە وەک بەڵگە وەک تاوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەم پڕۆسەیە بەربەست لەبەردەم بەکارهێنانی مافی ئازادی ڕادەربڕین بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پارێزەران و هاووڵاتیان و بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی دادەنرێت.