ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەدوای منداڵەکانیاندا دەگەڕێن

دوای بوومەلەرزەکەٍی ٦ی شوبات کە بووە هۆی داڕمانێکی گەورە لە ئیدلیب، زۆرێک لە تەرمەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران بەبێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت، ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەدوای منداڵەکانیان و خزمەکانیاندا دەگەڕێن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- ئیدلیب یەکێکە لەو شارانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە ناوەندی مەرەش ڕووبەڕووی داڕمانێکی گەورە بووەوە کە لە ژێر داگیرکاری تەحریر شام و دەوڵەتی تورکیادایە، لە هەموو شوێنێکی بوومەلەرزەکەدا گۆڕی بەکۆمەڵ دروستکران چونکە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداو لەسەر چەندین گۆڕ نووسرابوون "ناسنامە نەزاندراوە"، ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە بەدوای منداڵەکانیان و خێزانەکانیان و خزمەکانیاندا دەگەڕێن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.

 

چەندین گۆڕی بەکۆمەل هەن

مەریەم ئەبی، تەمەن ٤٣ ساڵ، بەدوای گۆڕی هاوژینەکەی و منداڵەکانیدا لە گۆڕستانی شاری سەرمەدا لە ئیدلیب دەگەڕێت، مەریەم ئەبی وتی: باڵەخانەکە ڕووخا بەسەرماندا، مردن لە هەموو لایەکەوە دەوری ئێمەی داوە و لەو کاتەوە هاوژین و منداڵەکانمم نەبینیوە، ئەوان گیانیان لە دەست دا، من بە تەنیا بەجێهێڵرام بە ئازاری لەدەستدانی ئەوان، بەتەنها لە کارەساتەکە ڕزگارم بوو، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی هۆشیار بوومەوە، نەمدەزانی چی ڕوویداوە، لە ژووری تایبەتی نەخۆشخانەکە بووم، بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە نەخۆشخانە مامەوە، پاشان ڕۆیشتم و دەستم کرد بە گەڕان بەدوای گۆڕی خێزانەکەم، نەمبینینەوە.

 

مەریەم ئەبی ئاماژی بەوەشکرد هەوڵی داوە زانیاری بەدەست بهێنێت دەربارەی شوێنی ناشتنی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و وتیشی: ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.

 

تەرمەکان بەبێ دۆزینەوە نێژران

حەنان ئەلبیرۆی تەمەن ٣٩ ساڵ لە گۆڕی بەکۆمەڵدا لە شاری هارم، بەدوای دوو منداڵەکەیدا دەگەڕێت عومەر و وەسیم، کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا، کوڕە ٦ ساڵانەکەی لە ژێر باڵەخانەی بیسنیا لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلیب گیانی لەدەستدا، حەنان ئەلبیرۆ، نازانێت گۆڕی منداڵەکانی لە کوێن ئاماژەی بەوەکرد تەرمەکانە بەبێ هیچ دۆزینەوەیەک نێژراون.

 

"بەدوای هەردوو منداڵەکەمدا گەڕام لە گۆڕدا"

دوای بوومەلەرزەکە بارودۆخی حەنان ئەلبیرۆ خراپ بوو، خۆی و هاوژینەکەی بریندار بوون، بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە مانەوە هەتا ئەو کاتەی توانیان لەسەر پێیان بوەستن و بڕۆن بۆ گەڕان بەدوای گۆڕی منداڵەکانیاندا.

 

حەنان ڕۆژانە سەردانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، وتی: ئەو وشانەی لەسەر گۆڕی کەسانی نەناسراو نووسراون دڵی خەڵک دەسووتێنن، من بەدوای دوو منداڵەکەمدا گەڕام لە گۆڕەکاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمەڵەکە ئەستەمە دیاری بکرێت، دیمەنەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دڵ دەشکێنن.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان نەزانراوە

حەسنا ئەلزێنۆی تەمەن ٣٥ ساڵ ئاماژەی بەوەکرد ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە نەزانراوە لەبەر ئەوەی لەژێر زەویدا تێکەڵ بوون، هەروەها پرۆسەی ناشتنی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە نافەرمی بووە و ئەو لەرزانەی کە دوای بوومەلەرزە گەورەکە ڕوویان دەدا بارودۆخەکەیان قورستر کرد، بۆیە گۆڕەکان دروست نەکراون و ناویان لێنەنرا.