لە کۆیە کۆنسێرتێکی گۆرانی کۆنی کەلەپوری بەڕێوەچوو

لە کۆیە کۆنسێرتێکی گۆرانی کۆنی کەلەپوری بە بەشداری ژمارەیەکی فراوان لە میوانان بەڕێوەچوو، ژنان وتیان: پێویستە ئێمەی ژنان زیاتر پەرە بەلایەنی هونەری بدەین و گۆرانیە کۆنەکان زیندوو بکەینەوە.

شلێر کۆیی

 

کۆیە-ئیوارەی دوێنی لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە، "ماڵی ئێستاتيك" ماڵێك بۆ هونه رو جوانی، به هاوبەشى لەگەڵ زانكۆى كۆیە سێيەمين كونسێرتى موزيكى به ناونیشانی "نەوەکان چرای دەستی ئایندەن سەدای بەرزی هونەری له دەست و پەنجەی گەنجەکاندایە" نمایش کرد کە لەلایەن ئارەزو ئيسماعيل مەنسور سەرپەرشتی کرا.

 

تارا ئامانج، خوێندکاری بەشی میوزک لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شەهید جەعفەر وتی: ئەو کۆنسێرتەمان کرد بە سەرپەرشتی مامۆستا ئارەزوو ، کە زۆر گرنگیمان پێدەدات بۆ پێشخستی هونەرو میوزکی کوردی، هاوکات زۆر گرنگە گرنگی بە هونەری ڕەسەنی کوردی بدرێت،و ژنان ڕۆڵیان هەبێت لە بواری هونەرەوە،چونکە تاڕادەیەک هونەر پشتگوێ خراوە، بۆیە پێویستە ئێمەی ژنان زیاتر پەرە بەلایەنی هونەری بدەین و گۆرانیە کۆنەکان زیندوو بکەینەوە.
 

لەکۆتایی قسەکانیدا تارا وتی: هونەر زۆر گرنگە تا ڕادەیەک هەرکات گۆێ بیستی گۆرانیەک دەبین کاردانەوەی هەیە لە سەر هەستی مرۆڤ، خۆم کە لە بواری میوزکی کەمانچە دەخوێنم هیوادارم ببمە کەمانچەژەنێکی باش.

 

سۆلین عەبدوڵا، خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتییەو وتی: زۆر خۆشاڵم کە توانیم بەشداری کۆنسێرتەکە بکەم، دەستخۆشی لەمامۆستاکان و سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەو دەرفەتە، هەرچەندە خۆم هێشتا خوێندکارم بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکیشم لەناو کاری هونەریە منیش زوو دەستمپێکرد، و گیتار دەژەنم، هیواخوازم هونەر زیاتر گرنگی پێبدرێت بە تایبەت لەبواری ژنانەوە وەک خۆشم بەردەوام دەبم.

 

شیا دەریا خوێندکارە، وەک میوان لە کۆنسێرتەکە بوو وتی: زۆر دڵخۆشبووم بە کۆنسێرتەکە و لای من هونەر گرنگە پێویستە زیاتر گرنگی پێبدەین و هونەر والێبکەین بەشێک بێت لە ئێمەو خاکی کوردستان، بەتایبەت ئێمە لەجل بەرگی ژنانیش هونەر دەبینین، هەمیشە ئەو هونەرە جوانە دەبینین کە ژنانی کورد لەکۆنەوە هێناویانەو کاتێک چەند پارچەیەک جلیان بەسەر یەکدا لەبەر کردووە خۆی ئەوە هونەرە، بەڵام لە ئێستا ئەوە کاڵ بۆتەوە زیاتر ڕومان کردۆتە هونەری ئەوروپی. بۆیە هیوادارم بگەڕێینەوە سەر هونەرو کولتووری کوردی، هونەری کوردی قالبێکی بەرزی هەیە نامانەوێت بەشێوەیەکی ناشیرن دەرکەوێت و نمایش بکرێت، هیوادارم هونەری کوردی بەلاڕێدا نەبرێت وناشیرن نەکرێت.