لە کۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو ١٠ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی کراونەتە ئامانج
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین بڵاویكردەوە، لە ماوەی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ١٠ ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە فەڵەستین کراونەتە ئامانج ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێبازی خۆی و لە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی، تا ئەو ڕادەیەی كە كۆمەڵكوژی لە دژی ئەوان ئەنجام دەدات، تەنیا لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ١٠ ڕۆژنامەنووسی كوشتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، سوپای ئیسرائیل مانگی ڕابردوو ٨٤ پێشێلكاریی و دەستدرێژیی و تاوانی دژی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین ئەنجامداوە، دیارترینیان لە كەرتی غەزە بووە، كە ئیسرائیل هەشت كەسی لە بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە كوشتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، نزیكەی ٢٠ ڕۆژنامەنووس و كارمەند ڕێگریی لە ڕووماڵكردنیان گیراوە، جگە لە دەستگیركردنی ٧ كەس و تەقەكردن لە ١١ ڕۆژنامەنووس، هەروەها لە كاتی كاركردنی ڕۆژنامەنووسان لە كەرتی ڕۆژئاوا و كەرتی غەززە كەلوپەلەكانیان دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئاشکراکراوە، ڕۆژنامەنوسان بەركەوتەی چەندین جۆری هێرش بوون، وەك: هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بە چەك، گازی فرمێسكڕێژی ژەهراوی، دادگای نادادپەروەرانە، سزای دارایی، قەدەغەكردنی گەشتكردن، لێكۆڵینەوە و هەوڵدان بۆ ساختەكاری.