لە کەرکووک سیمینارێک لەبارەی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسییدا بەڕێوەچوو
لە کەرکووک سیمینارێک بە ناونیشانی “بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا” بۆ سەمیرە ئەحمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ئەنجام درا.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ ٢٠ی کانوونی دووەم، لە هۆڵی ساڵۆنی شەقامی جمهوری بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان سیمینارێک سەبارەت بە گرنگی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا، بۆ سەمیرە ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان ڕێکخرا.
سەمیرە ئەحمەد وتی: سیاسەت بریتییە لە بەستنەوەی پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا، گرنگە ژنانیش بەشدار بن لەبەستنەوەی پەیوەندییەکان و بەشداری کارایان هەبێت لە کایە سیاسییەکاندا، ئێمەی ژنان هیچمان ناوێت تەنها وەک مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت، گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە سەدەی نۆزدەدا مەستورە خان و عادیلە خان و حەپسەخانی نەقیبمان هەیە، مەستورە خان دوای ئەوەی هاوژینەکەی کۆچی دوایی دەکات شوێنی دەگرێتەوە و توانیویەتی ساڵانێکی زۆر فەرمانڕەوایی ناوچەکەی بکات، هەروەها حەپسەخانی نەقیب یەکەم کەس بووە توانیویەتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان بکاتەوە و یەکەم ژن بووە توانیویەتی نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێت، بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵانی نەوەدەکان، ژنانی باکوور سەرەڕای بوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار ژنان بەبەردەوامی خەباتیان کردووە، تا ئەمڕۆش خەبات دەکەن.
لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبوانەوە پرسیار و ڕاوبۆچوونەکان خرانەڕوو، دواتر لەلایەن سەمیرە ئەحمەدەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە و گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجام درا.