لە کۆنگۆ ئاماری ئیبۆلا قورستر دەبێت: ٦٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە

لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ژمارەی ئەو حاڵەتانەی کە پشتڕاستکراونەتەوە گەیشتووەتە هەزار و ٧٩٢ حاڵەت، وە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە بووە بە ٦٢٥ کەس. بەهۆی ئەم ژمارەیەوە، نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەکە لە ناوچەکانی تریشدا زیاتر بوو

ناوەندی هەواڵ

 لە ئەفریقا، نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای ئیبۆلا زیاتر دەبن. کارمەندانی تەندروستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ناوچەکانی تر هۆشداری دەدەن و داوای بەهێزکردنی سیستمەکانی چاودێری و بەرەنگاربوونەوە دەکەن.

کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ئەمرۆ ڕایگەیاند کە ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە هەزار و ٧٩٢ حاڵەت، وە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە بووە بە ٦٢٥ کەس.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO)، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پەتای ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و ئۆگاندا، بارودۆخێکی نائاسایی تەندروستیی گشتییە کە پێویستی بە چاودێرییەکی نزیکی نێودەوڵەتی هەیە. (WHO) ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی تری ناوچەکە دروست دەکات و ئاستی هەڕەشەکە لە ناوچەکەدا بەرزتر دەکاتەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، پێویستە وڵاتانی دراوسێ ڕێکارەکانی چاودێری و بەرەنگاربوونەوە بەهێزتر بکەن.

(WHO) لە ٥ی حوزەیراندا بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان، دەستپێکردنی پلانێکی ئامادەکاری و بەرەنگاربوونەوەی دژی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی (بۆندیبوگیۆ) ڕاگەیاند، کە جۆرێکی ڤایرۆسی ئیبۆلایە. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، زیادکردنی توانای دەستنیشانکردنی پێشوەختە، دابینکردنی کەلوپەلی پارێزگاری، پشتگیریکردنی تاقیگەکان و ڕاهێنانی کارمەندانی تەندروستی لەو وڵاتانەی کە کاریگەر بوون، لەخۆدەگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی (WHO) کە لە بەرپرسانی تەندروستی کۆنگۆوە وەریگرتوون، ڕێژەی مردن بەهۆی پەتایەکەوە لە وڵاتەکەدا لە سەدا ٣٤ە.

ڤایرۆسی ئیبۆلا لە چوار ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆدا بڵاوبووەتەوە. ئەم پەتایە بە تایبەتی لە ناوچەی (ئیتوری) زیادی کردووە، وە دەوترێت کە پەتای ئێستا بەهۆی جۆرێکی دەگمەنی ئیبۆلا بە ناوی (بۆندیبوگیۆ)وەیە کە هیچ کوتان (ڤاکسین) یان چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.