لە کەمتر لە مانگێکدا ٣٦ ژن و منداڵ لە ئێران کوژران و خۆیان کوشتووە

بە هۆی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ژنان لە کۆمەڵگەدا تووشی توندوتیژی دەبن و بە بیانووی جۆراوجۆر دەکوژرێن یان ناچار دەکرێن خۆیان بکوژن، هەروەها یاساکانی سیستمی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە بری ڕێگریکردن، بوونەتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی کوشتنی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

یاساکانی پیاوسالاری و دژە فێمینیستی ڕژێمی ئیسلامی کە دەیان ساڵە کۆمەڵگەی ئێران بەڕێوە دەبەن، دەبنە هۆی زیادبوونی کوشتنی ژنان لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکارەوە، چونکە نەبوونی یاسای سزادان بۆ تاوانباران و بکوژان ڕێگەی بە پیاوان داوە بەهەر هۆکارێک ژن بکوژن و بە بیانووی شەرەفمەندی خۆیان بێتاوان نیشان بدەن، مانگانە یەکەم هەولێ دەزگاکەمان ڕاپۆرتێک لەسەر ئاماری کوشتن و خۆکوشتن و هۆکارەکانی پێشکەش دەکات، بەگوێرەی ئەمەش لە کۆتایی ئەیلوول تا سەرەتای تشرینی یەکەم لانیکەم ٣٦  ژن و منداڵ کوژراون یان خۆیان کوشتووە.

 

ڕۆژی ٢٢ی ئەیلوول، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ بە ناوی مەتین تەیبیخا، دایکی دوو منداڵی بچووک و دانیشتووی شاری فومەن سەر بە پارێزگای گیلان، بە بیانووی شەرەف لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا.

 

ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول، ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی پاسدارانی تاران، کە ناوی نادیارە بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەییەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا،هەروەها ژنێکی ١٧ ساڵانی دانیشتووی شاری ئێرانشار بە ناوی "س.گ"، کە بە هۆی ناچارکردنی هاوسەرگیرییەوە خۆی سووتاندبوو، دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول، ژنێکی گەنجی دانیشتووی تاران، بە هۆکاری نادیار لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە پردی پەڕینەوە فڕێدرایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول، ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ بە ناوی مونیرە، دانیشتووی ناوچەی خاجێڕەبی سەر بە شاری مەشهەد، بە تاوانی دزینیزێڕ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا، هەروەها ژنێکی تەمەنمامناوەند کە لەیەکێک لە گوندەکانی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور دەژی، بە هۆی ئەوەی کە دەگوترا ناکۆکی بنەماڵەیی بووە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

 

ڕۆژی شەممە ٢٨ی ئەیلوول، ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ دانیشتووی شاری زەنجان، بە هۆی ناکۆکییەکانی پێشوویەوە لەلایەن یەکێک لە کەسوکارەکەیەوە کوژرا و دوو ژنی تەمەن ٦٠ ساڵ و ٩٤ ساڵانی دانیشتووی شاری کرماشان لە لایەن یەکێک لە خزمە ​​دوورەکانیانەوە کوژران.

 

ڕۆژی ٢٩ی ئەیلوول ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری فەردیس بە هۆی ئەوەی کە دەوترێت ناکۆکی خێزانییە، لەلایەن هاوژینی خوشکەکەیەوە کوژرا، هەروەها ژنێکی تەمەن ٤٨ ساڵ کە ناوی نادیارە لە ناوچەی حەکیمیەی تاران بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم،، ژنێکی گەنج بە ناوی ئەختەر قوربانلوو کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارە درا، ژنێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی فاتمە مورادپوور، دانیشتووی شاری ڕومەشکان سەر بە پارێزگای لوڕستان، بە هۆی فشار خستنە سەر ژیانی هاوسەرگیری زۆرەملێ لەگەڵ پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ژیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵی دانیشتووی شاری ورمێ بە ناسنامەیەکی نادیار بە دەستی سێ دز کە ویستوویانە زێڕەکانی بدزن، کوژرا، ژنێکی گەنج بە ناسنامەی لەیلا قائمی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لەسێدارە درا، هەروەها ژنێکی گەنج بە ناوی زەهرا فەیزی کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندیی تەورێز لەسیدارە درا.

 

ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەم، ژنێک کە ناوی نادیارە، لە شاری ڕودبار لە باشووری شاری کرمان، بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەییەوە، لە لایەن دوو کەس لە خزمە ​​پیاوەکانییەوە کوژرا.

 

ڕۆژی ٤ی تشرینی یکەم، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵانی دانیشتووی شاری کرماشان کە بە هۆی ڕق و کینە لە لایەن دراوسێیەکەوە کوژرا، لە دەوروبەری شاری ڕەوانسەر دۆزرایەوە.

 

ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵان کە ناوی نادیارە لە گەڕەکی نازیائابادی تاران بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، چوار ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری لارستانی سەر بە پارێزگای فارس کە دایکێک بەناوی ڕەباب حاجیپوور سێ کچی بە ناوەکانی ئاڤا و ئارام و جەنان خەلیلیان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن دوو دراوسێیانەوە کوژران.

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ژنێک کە ناسنامەکەی نادیارە، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی قزڵحسار لە شاری کەرەج لەسیدارە درا.

 

ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵ بە ناوی فاتمە ئەحمەدی خەڵکی شاری سەرپۆل زەهاو لە شاری کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هەروەها ژنێکی گەنج بە ناسنامەی ئەسرا ئەحمەدی دانیشتووی شاری بۆکان، بە هۆی کێشەی دەروونی و سۆزداری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ژیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی١٢ی تشرینی یەکەم، پیاوێکی تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی شاری مەلایر سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە بیانووی ناکۆکی بنەماڵەیی، ژن و برازاکەی کوشت.

 

ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، تەرمی ژنێکی گەنج بە ناسنامەیەکی نادیار، کە بەفیشەک کوژرابوو، لەسەرڕێگای عەبتار لە شاری ئێرانشار دۆزرایەوە.

 

ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، ژنێک کە ناسنامەکەی نادیارە، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لەسێدارە درا، هەروەها تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ کە ناسنامەکەی نادیارە، دوای ئەوەی لە ناوچەی جادەی کۆنی زاهدان تەقەی لێکرا، دۆزرایەوە.

 

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی، ژنێکی تەمەن ٦٤ ساڵانی دانیشتووی ناوچەی فەیزئابادی تاران، بە هۆکاری نادیار لە نهۆمی پێنجەمی ماڵەکەیەوە خۆی هەڵدا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هەروەها ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری بیجاڕ لە لایەن چوار کەس کوژرا.

ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم، خوێندکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی دۆنیا فەرهادی دانیشتووی شاری پاوە کە بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی ئیختیاری لە قوتابخانە هەڵاتبوو، لە ترسی هێزەکانی سپای پاسداران  کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەستدا، هەروەها ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ کە ناسنامەکەی نادیارە، دانیشتووی ناوچەی کەهریزەکی تاران، بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم، ژنێک کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی دایکی هاوژینەکەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندیی تەبرێز لەسێدارە درا.

 

ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەم،ژنێکی گەنج بە ناسنامەی تارا غازی خەڵکی گوندی گۆڵانی دیواندەرە، کە ٧ مانگ لەمەوبەرهەوڵی خۆکوشتنی دابوو، گیانی لەدەست دا.

 

شایانی باسە کە زۆرێک لە هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن بڵاو ناکرێنەوە و سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە سیاسی و کولتوورییانەی کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، ئەستەمە ئاماری ڕاستەقینە بەدەست بهێندرێت.