لە کۆمەڵکوژییەکی نوێ لە لوبنان ٦ منداڵ و ژن گیانیان لەدەستدا

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی نوێیان لە شاری بەعلبەک ئەنجامدا و ٦ منداڵ و ژن کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پێکدادان لەنێوان حزبوڵا و هێزەکانی ئیسرائیل ڕوویداوە و لە ٢٣ی ئەیلوولدا خێرایی شەڕەکە زیاتر بووە و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر زۆربەی ناوچەکانی لوبنان چڕتر کردووەتەوە بە بەیرووتی پایتەختیشەوە.

 

لە ٢٣ی ئەیلوولەوە لوبنان شاهیدی هێرشە ئاسمانییە توندوتیژەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە بووە و لە ئەنجامدا زیانی گەورەی مرۆیی و ماددی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیانی لێکەوتووەتەوە.

 

ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی یەکەم، بۆردومانێکی هێزەکانی ئیسرائیل کە گەڕەکی نەبی ئینعامی بەعلبەکی لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی ٦ منداڵ و ژنی خێزانێک و برینداربوونی ٨ کەسی دیکە، کە برینەکانیان لە نێوان سەخت و مامناوەند و بچووکدا بووە.

 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێت، بۆردومانەکەش ژێرخانی وێران کردووە و زیانی بە ماڵەکانی دراوسێش گەیاندووە.

 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی کاریان کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ناو ماڵەکە و هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و دەرهێنانەوەی تەرمی گیان لەدەستدراوەکان لە ژێر داروپەردوودا.

 

شەڕی بەردەوام بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٤٦٤ کەس و برینداربوونی ١١هەزار و ٥٣٠ کەس کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیشیان تێدابوو، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٤٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.