لە کەلار پانێڵێک سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوو
لە شارۆچکەی کەلار پانێڵێک بە ناونیشانی "لە قەڵای شێروانەوە، هیوایەک بۆ ژیان" بەڕێوەچوو، لە پانێڵەکەدا باس لەوەکرا، ئامێری پێشکەوتووی پشکنین لە نەخۆشخانەکانی سنووری گەرمیان داندراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەکە، پانێڵێک بە ناونیشانی “لە قەڵای شێروانەوە، هیوایەک بۆ ژیان”، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لەلایەن یەکێتی ژنانەوە بەڕێوەچوو.
سەرەتا لەلایەن پزیشک تاڤگە محەمەدەوە، هۆنراوەیەک سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە پێشکەشکرا و ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، هەروەها لەلایەن سارا ژیان، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی ژنانی کوردستانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا ڕایگەیاند، دەمانەوێت خزمەت بە ژنان بکەین و بەرەوپێشیان ببەین لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.
پاشان محەمەد ئازاد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان وتی: ئێمە درکمان بە مەترسی ئەم نەخۆشییە کردووە و ئامێری پێشکەوتووی پشکنینمان لە نەخۆشخانەکانی سنووری گەرمیان داناوە.
لە پانێڵەکەدا دکتۆر ناز نەوزاد، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجەی مەمک وتی: شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکی ترسناکە و بە نزیکەیی دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار حاڵەتی تووش بوون بەم شێرپەنجەیە لە جیهاندا هەیە، لە سنووری سلێمانی ٢٠٪ ژنانی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەخۆشییە لە چوار قۆناغ پێکدێت و مەترسیدارترین قۆناغی قۆناغی چوارەمە، هەروەها هۆکاری بۆماوەیی، هەڵکشانی تەمەن، گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان، قەڵەویی و کەمی چالاکی جەستەیی هۆکارن بۆ بوونی ئەم نەخۆشییە.
پاشان دکتۆر پگا سەیدی، پسپۆڕی دەروونی باسی لەوەکرد، لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە کەسێک تووشی نەخۆشییەک دەبێت، ئەو تێڕوانینەیان پێداوین کە ئەوە سزای خودایە، بۆیە پێویستە کە کەسێک تووشی نەخۆشییەک دەبێت، هەمووان پاڵپشتی بن و هەستەکانی ئارام ببنەوە.
پاشان جاسم کەلاری، مامۆستای ئایینی وتی: هەر نەخۆشییەک کە ئێمە تووشی دەبین، پێویستییەکی ژیانییە و لایەنێکی ئەرێنی تێدایە، هەر بۆیە لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکان پێویستە بێهیوا نەبین.
هەروەها سیروان محەمەد، خاوەنی بۆردی ئەمریکی لە ڕاهێناندا باسی لەوەکرد، لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکان پێویستە هۆشیاریمان هەبێت، چونکە لە کاتی بوونی هۆشیاریدا پێش ئەوەی کە نەخۆشییەکە زاڵ ببێت بەسەر جەستەدا، دەتوانیت بەسەریدا زاڵ ببیت، هەروەها متمانە بەخۆبوون لە کاتی نەخۆشیدا گرنگە.