لە کۆبانێ ڕۆژی یەکی تشرینی دووەم بەرز ڕاگیرا

بە سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری کۆبانێ، بە جەژنێکی بەکۆمەڵ ڕۆژی یەکی تشرینی دووەمیان بەرز ڕاگرت. لە جەژنەکەدا پەیامی ئێمە داهاتووی خۆمان بە دەستی خۆمان دەنووسین درا.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ  لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤دا، چەکدارانی داعش بە هێرشێکی دڕندانە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانیان گەمارۆ دا. لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکانیاندا، بەرخۆدانی خەڵکی کۆبانێ و شەڕڤانان ١٣٤ ڕۆژ بەردەوام بوو و بە سەرکەوتن کۆتایی هات. لە ئەنجامی پشتیوانیی ٩٣ وڵات و شار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕۆژی یەکی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە کۆبانێ ڕاگەیەنرا.

 

ئەمڕۆ بە بۆنەی یەکی تشرینی دووەم، وەک ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە کۆبانێ، بە سەدان کەس لە دانیشتووانی کۆبانێ و نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی شارەکە لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەر کۆبوونەوە و جەژنێکیان بەڕێوە برد.

 

جەژنەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن دەستی پێکرد. لە پەیامی خەڵکی کۆبانێ، کە لەلایەن فەرحان حەج عیسایەوە پێشکەش کرا، هاتبوو:

مەبەستیان لە ڕێکخستنی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لەناوبردنی ویستی خەڵکی کورد و ڕۆژئاوا بوو. بەڵام پشتیوانی و یەکگرتوویی کوردان و مرۆڤایەتی، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 

ئێمە داهاتووی خۆمان بە دەستی خۆمان دەنووسین

هەروەها پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "PYD"، سەبارەت بە گرنگیی ئەم ڕۆژەوە وتی: ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ بووە بنەمایەکی بەهێز بۆ واژۆکردن و ناساندنی ڕێککەوتنی ٦ی کانوونی دووەم. ئەوانەی پشتیوانییان لە کۆبانێ کرد، ڕازی نەبوون کە جارێکی دیکە وێران بکرێت و ناوی بگۆڕدرێت. بۆیە خوێنی ١٢ هەزار شەهید شایەتی ئەوەی دا کە ئێمە داهاتووی گەلەکەمان بە دەستی خۆمان دەنووسین.

 

بەم بۆنەیەوە، سڵاو و خۆشەویستیی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاتوونەتە ئەم مەیدانە و هەروەها ئەوانەشی لە دەرەوە پشتیوانییان لە بەرخۆدانەکە کردووە.

 

ئەم پرۆسەیە جارێکی دیکە پێویستی بە خاوەندارێتییەکی گەورە هەیە. شۆڕشەکەمان بەردەوامە و بە واژۆیەک کۆتایی نایەت. بۆیە تا ئەو کاتەی بنەماکانی بە تەواوی لە سووریا مسۆگەر نەکرێن، شۆڕش دەبێت بەردەوام بێت.

 

جەژنەکە بە بەرنامەیەکی هونەریی هونەرمەندانی خەلیل جان، شێرین ئارارات، پەریشان کۆبانێ و گروپی گێڤارا کۆتایی هات.

لە جەژنەکەدا بەردەوام هەڵپەڕکێ کرا و دروشمەکانی «بژی بەرخۆدانی کۆبانێ، ژن، ژیان، ئازادی و بێ سەرۆک ژیان نابێت بەرزکرانەوە.