لە کانتۆنی فورات دژی کۆمەڵکوژییەکەی بەرخ بۆتان ڕێپێوان کرا

هەزاران کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک لە گوندی بەرخ بۆتان ئەنجامیان دا، ڕێپێوانیان کرد.

کۆبانێ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوێنێ لە گوندی بەرخ بۆتانی کۆبانێی کانتۆنی فورا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ٩ کەس لە یەک خێزان کە زۆربەیان منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش بریندار بوون.

 

گەلی کانتۆنی فورات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک چوونە شەقامەکان.

 

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانێ دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو. وێنەی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا کوژراون نیشان دران و بە بەردەوامی دروشمی "بکوژ ئەردۆغان" دەوترانەوە.

 

دوای خولەکێک ڕێزگرتن، عایشە ئەفەندی، ئەندامی دەزگای بنەماڵەی شەهیدان قسەی کردو وتی: ئەم گەلە خەڵاتی ئازادییە، کە سەرەڕای هەموو هێرشەکان بەردەوامە لە بەرخۆدان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت کۆبانێ بکاتە هەڵەبجەو گەل تووشی کۆمەڵکوژی بکات،بەڵام ئەمە کۆبانێیە، شاری بەرخۆدان، ئێمە ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین کە دوێنێ ڕوویدا، ئێمە دەڵێین تا کۆتایی بەرەنگاری دەبینەوە، با دۆست و دوژمن بزانن. خەڵکی کۆبانێ لە هێرش و کۆمەڵکوژی ناترسن، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە خەبات.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشم کۆتایی هات.