لە کانتۆنی عەفرین دوو ژن لەلایەن چەتەکانی تورکەوە ڕفێندران
چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" سەر بە دەوڵەتی تورکیا سێ هاوڵاتییان لە خێزانێک ڕفاندووە، کە دووانیان ژنن و بەرەو شوێنێکی نادیاریان بردوون.

ناوەندی هەواڵ
سەرچاوەکان لە کانتۆنی عەفرین ڕایانگەیاند کە چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" سەر بە دەوڵەتی تورکیا سێ هاوڵاتیان لە گوندی غەزەوی لە شێراوای سەر بە کانتۆنی عەفرین ڕفاندووە بە ناوەکانی، ئەیمەن محەمەد کێفۆی ٢٨ ساڵ، هاوژینەکەی بەناوی بنەفش کە ٢٥ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، هەروەها خوشکەکەی بە ناوی نۆڤین محەمەد کێفۆ ٢٥ ساڵ.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا کە هۆکاری ڕفاندنەکەیان لە گوند ئەوە بووە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر هەبووە.
چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕفاندنی ژنانیان لە عەفرین زیاتر کردووە، لە ٢٣ی مانگدا پارێزەرێکی کورد بە ناوی نەجا عومەر ئیرۆس'یان ڕفاندووە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لقی عەفرین، لە مانگی تشرینی یەکەمدا ژمارەی ژنە ڕفێندراوەکانی کانتۆنی عەفرین گەیشتە ١٦ ژن، کە دوو ژنی گەنجیان تێدایە، ژنێکی دووگیانیش بە ناوی نیعمەت بەهجەت شێخۆ کوژراوە.
ت.پ