لە جزیرەی سودان ٣٥٠ خێزان بە زۆرەملێ ئاوارەبوون

لە ویلایەتی جزیرە دوابەدوای پێکدادانەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ٣٥٠ خێزان لە گوندەکانی دەوروبەری جزیرە بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە سودان، هێشتا پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، بەهۆی کەمیی خۆراک و خراپی بارودۆخەوە ملیۆنان کەسی بەرەو برسێتی و مردن پاڵناوەو کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە.

 

 بەهۆی بەردەوامی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ٣٥٠ خێزان لە جزیرە ئاوارە بوون کەبەپێ بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن، ئەمەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە سەرانسەری ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی جزیرە و ئوم ئەلقورە ڕوویدا.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، خێزانە ئاوارەکان لە ڕێگەی شوێنەکانی ناوچەی ئەلفاو لە ویلایەتی قەزارفەوە بەدوای پەناگەدا گەڕاون.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پچڕانی بەرفراوانی پەیوەندییەکان لە سەرانسەری ویلاتەکەدا بووەتە ئاستەنگ لە توانای تیمە مەیدانییەکانی بۆ دابینکردنی خەمڵاندنی ئاوارەبوون لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەناویاندا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی جزیرە و ئوم ئەلقورە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی گرژییەکان بارودۆخی ناوچەکە لە ئەنجامی نوێبوونەوەی پێکدادانەکان.