لە هەولێر ژنێک بەدەستی کوڕەکەی کوژرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئێوارەی ٣ی تەمووز لە شارۆچکەی بنەسڵاوە، ژنێک لە لایەن کوڕەکەی خۆیەوە کوژرا، دوای ڕووداوەکەش دەستبەجێ تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی ناو خێزانەکانیان بەردەوامی هەیە، بەجۆرێک دایک لەلایەن ڕۆڵەکەی خۆیەوە دەکوژرێت.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بارەی کوشتنی ژنێک لە شارۆچکەی بنەسڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی ئێوارەی ٣ی تەمووز، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە، لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شارۆچکەی بنەسڵاوە، دەستبەجێ تيمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
وتیشی: لە ئەنجامی بەدواداچوونی سەرەتایی دەرکەوت کەوا ژنێک لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە کوژراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی بنەسڵاوە دەستبەجێ توانییان تۆمەتبار دەستگیربکەن.