لە هێرشەکەی دێرەزوور منداڵێک گیانی لەدەستدا
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی دوێنێی شارۆچکەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەهۆی گولـلەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و "بەرگری نیشتمانی"، منداڵێک گیانی لەدەستداوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/01/20250121-jpgfc90b9-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەبارەت بە هێرشەکانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووی "بەرگری نیشتیمانی" بۆ سەر شارۆچکەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ ٢٠ی کانوونی دووەم، کاتێک ئەندامانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و "بەرگری نیشتیمانی" هەوڵیاندا ئاژاوە لە شارۆچکەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دروست بکەن، منداڵێک بەناوی ئەحمەد محەمەد ئەلعیزەدین بە گولـلە گیانی لەدەستدا.
ئێمە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سورویا، سەرەخۆشی و ئارامی بۆ بنەماڵەی ئەو منداڵە دەخوازین. داوا لە دانیشتووان دەکەین هیچ تەقەیەک نەکەن.
ڕاگەیەندراوی قەسەدە
هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە سەبارەت بە ڕووداوەکانی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: شانەکانی پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس و میلیشیاکانی "بەرگری نیشتیمانی" لە شارۆچکەکانی زیبان و تەیان لە چالاکییەکانی تاڵانکاریی خۆیان بەردەوام بوون، میلیشیاکان ڕێگای سەرەکییان داخست و هێرشیان کردە سەر بنکە ئەمنییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزەکانی قەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە هەوڵە هاوبەشەکانیان و ڕێگەی گونجاو بۆ دابینکردن و وەرگرتنی هاوکاری بەکاردەهێنن، ئەمەش ڕێگری لە هەنگاونانی شانەکانی داعش دەکات.