لە هێرشێکدا بۆ سەر لوبنان ٧ کەس کوژران و چواریش بریندار بوون
لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندێکی تەندروستی لە شارۆچکەی هەباریە لە باشووری لوبنان، ٧ کارمەندی فریاکەوتن کوژران و چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ شەڕی دژ بە کەرتی غەززە بۆ شەشەمین مانگی لەسەر یەک کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ناچارکردنی سەدان خێزان بۆ ئەوەی لە بۆردومانە بەردەوامەکان هەڵبێن، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکان و شارۆچکەکان و گوندەکانی باشووری لوبنان و ناوچە سنوورییەکانی.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا بۆ سەر شارۆچکەی هەباریە لە باشووری لوبنان و ناوەندی کۆمەڵەی فریاکەوتنی لوبنانییان کردە ئامانج، ناوەندەکەو ماڵەکانی دەوروبەری بەهۆیەوە وێران بوون و ٧ کارمەندی فریاکەوتن کوژران و چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.
پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزببێتەوەو لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن بەرگری شارستانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، گەڕان بەدوای کەسانی ونبوو لە ژێر وێرانەکانی بیناکەدا هێشتا بەردەوامە.