لە هەفتەیەکدا ٦ ژن شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١١ کەس لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستدا، ٦ کەسیان ژنن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250217-jpeg91505d-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری گیانلەدەستدان و کوشتنی ژنانی لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەکراوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١١ کەس لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیەدا شەش کەسیان ژنن و پێنج کەسیان پیاون، کە لە شارەکانی بۆکان، کرماشان، وەزیری نەهاوەند، مایدەشت، ورمێ، مەهاباد، قەسری شیرین و شاباد بوون و زۆرترین گیان لەدەستدانەکان لە شاری کرماشان تۆمار کراوە.
باس لەوەشكراوە، ئەو دوو كەسەی لە هەفتەی ڕابردوودا كوژراون بریتین لە ڕەزا بازوەند، هادی قادری.
دەشڵێن، ئەو كەسانەی لە هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە، هێمن شەماڵ، محەممەد ئەمین عەبدی، ئومید عەباسی، ئێحسان سپێهری، ئومێد غەفاری، مەنزەر سەیدی، فریشتە قاسمی، مینا غوڵامی، فاتمە باڵانچی، پەروین محەممەدی، لەیلا حسەینی.
ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەشڵێت، هۆکاری بەشێكی زۆری ڕووداوەكان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووریی، کێشەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی دەروونی.
بە پێی ئاماری مانگانەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا ٦٦ هاوڵاتیی بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، کە هەشت کەسیان ژن بوون. هەروەها چوار ژنیش کوژراون.