سەرکوتی ژنان لە ژێر سایەی دەوڵەتی یاسای تاڵیبان؛ بەرەنگاربوونەوەی ترسی تاڵیبان
وەزارەتی فەڕماندان بە چاکەو قەدەغەکردنی خراپەی سەر به تاڵیبان که لەبری وەزارەتی کاروباری ژنان دامەزراوە، بۆته ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردنی ژنان له ئەفغانستان، هەوڵی لێدان و زەلیلکردن و تەنانەت دەستگیرکردنی ژنان و زەوتکردنی ئازادییان دەدرێت.

بەهاران لاهیب
سەر پول - وەزارەتی "فەرماندان بە چاکەو قەدەغەکردنی هەڵە" لە ساڵی ٢٠٢١ لە شوێنی وەزارەتی کاروباری ژنان دوای دەستبەکاربوونی تاڵیبان دامەزراوە، ئەرکی ئەم وەزارەتە سەرکوتکردنی خەڵکە بەتایبەتی ژنان. پێشتر لە سەردەمی دەسەڵاتداری ٨ ڕێکخراوی شۆڕشگێڕ کە بە جیهادییەکان ناسراون، لە ساڵی ١٩٩٢ بەرێوەبەرایەتی ڕەفتاری باش دامەزرا و لە هەمانکاتیشدا حیجاب بە ئیجباری ڕاگەیەندرا،بەڵام لە ماوەی ٥ ساڵی دەسەڵاتدارییەکەیاندا، بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان ڕژێمەکان و ململانێی دەسەڵاتەوە، هەر ناوچەیەک لە ژێر کۆنترۆڵی گروپێکی جیاوازدا بوو، ئەم گروپانەش کوشتن و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی و هەزاران تاوانی تریان ئەنجامدا، دوای وێرانکردنی زۆربەی پارێزگاکان و بەتایبەت کابول، تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٧ هاتە سەر دەسەڵات و سەرکردایەتییەکەی عەمر بن مەعروفیان پاراست، لەو کاتەدا هەر تاڵیبانێک چەکێکی هەڵگرتبێت، دەیتوانی فەرمان و قەدەغەکردن دەربکات سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندن و کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ و ڕیش و قژی پیاوان و تەنانەت جلوبەرگەکانیان، لەو کاتەدا هەرچەندە خەڵک کەمێک ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام زۆرتر بێدەنگییان هەڵبژارد، چونکە لە ٥ ساڵی پێشوودا جگە لە سەرکوت و کوشتن، جیهادییەکان هێرشیان کردبووە سەر ژنەکانیان و کابولیان کردبووە وێرانە، لە ئەنجامدا تاڵیبان لە خولی یەکەمدا فەرمانڕەوایی هەمان ئەو وێرانەیان کرد.
لە قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، خەڵک بە تایبەت ژنان ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیان دەربڕی، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تاڵیبان سەرەتا بە وریاییەوە مامەڵەی کرد، دەیزانی کە هاوکات لەگەڵ هەژاری و بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، ئەگەر فشاری زیاتریان بۆ بخەنە سەر، بناغەکانی دەسەڵاتەکەیان دەلەرزێت. بۆیە ئەمجارە تەنها کەسانی سەر بە وەزارەتی فەزیلەت وەک بەرپرس لە سەرکوتکردنی ژنان دەستنیشانکران و ئەندامانی دیکەی تاڵیبانیش ڕاستەوخۆ دەستوەردان لەو بارەوە ناکەن.
خەڵکی جل و بەرگی ناوخۆیی (کراس و تونیک) لەبەر دەکەن و پۆشاکی سپی درێژ لەبەر دەکەن، جلوبەرگەکانیان لۆگۆ و ناویان لەسەر نوسراوە، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە دەوریەی ڕێگاکان دەدەن، بە گروپی ٤ بۆ ٥ کەسی، ئەم ئەفسەرانە جگە لە زەلیلکردن و سوکایەتیکردن بە ژنان، لێدان و جنێودان بە ژنان، ناچاریان دەکەن بگەڕێنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگۆڕن بۆ جلوبەرگی بەناو "گونجاو" و تەنانەت شوێن هەندێکیان بکەون بۆ ماڵەوە، هەروەها حاڵەتی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی ژنانیش تۆمارکراون.
ئەو یاسایەی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن مەلا هەیبەتوڵای سەرکردەی تاڵیبانەوە بۆ وەزارەتی ڕەفتاری باش دەرچوو، بە ڕواڵەت سنووردارکردنی بۆ ژنان داناوە، بەڵام لە ڕاستیدا یاساکە دەستی بەرپرسانی وەزارەتەکەی ئازاد کردووە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە سەرکوت و تاوانێک.
هەڵکوتانە سەر ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی کەرەستەی جوانکاری یەکێک بوو لە دوایین نموونەکانی چەوساندنەوەی ژنان لەلایەن نوخبەی پارێزگای سەر پولەوە. ئەم ئەفسەرانە بە بیانووی کۆکردنەوەی کەرەستەی جوانکاری، چوونە ناو ماڵەکان و دەستیان بەسەر موڵکی تایبەتی ژناندا دەگرت یان لەناویان دەبرد.
شەهگۆڵ وەسل، دانیشتووی سەرپول وتی: کاتژمێر ١٠ بەیانی بوو کە ئەو تاکانەی ئەمربن مەعروف دەکەن، لەناکاو هێرشیان کردە سەر ماڵەکانمان، سەرەتا پێمان وابوو بۆ دەستگیرکردنی تاوانبار هاتوون، بەڵام کە چوونەتە ناو ماڵەکەوە دەستیان کرد بە پشکنینی کەلوپەلی ژنەکان، هەرچییەکیان دۆزیەوە، هەندێکیان لەگەڵ خۆیان برد و هەندێکیان شکاند.
دوای ساتێک بێدەنگی، شەهگۆڵ وتیشی: نازانم بۆچی تاڵیبان کە هەموو دەسەڵاتەکەی بەدەستەوەیە، ئەوەندە لە ژنان دەترسن، بەڵام من دڵخۆشم کە ئێمەی ژنان بە بەرخۆدانمان ئەوانمان ترساندووە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستدا گرت، لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ماکیاژکردن بوو بە هێمای بەرخۆدان هەر بۆیە لە ئێمە دەترسن و لەو پارێزگایانە کە دەستڕاگەیشتن بە ڕاگەیاندنەکان سنووردارترە، هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، چونکە نایانەوێت سەرکوتکردنیان ڕەنگدانەوەی هەبێت، بەڵام لەبیریان چووە کە ئێستا هەموو کەسێک ڕۆژنامەنووسە و دەتوانێت تاوانەکانی تاڵیبان ئاشکرا بکات.
شەهگۆڵ بە ئیرادە لە کۆتاییدا وتی: ڕۆژێک دێت کە ئێمەی ژنان دەسەڵات دەگرینە دەست و بیری پیاوسالاری و بناژۆخوازی هەر گروپێک، لە هەر سپێکترۆمێک یان ئایدۆلۆژیایەکەوە بنبڕ بکەین.